رووداو دیجیتاڵ
هێرشبەرە لاوەکەی ئەی سی میلان، لەبەر ژمارە خەیاڵییەکانی بووەتە باسی میدیاکانی ئیتاڵیا و چاوەڕێ دەکرێت ئەو یاریزانە ببێتە میراتگری هێرشبەرە ئەفسانەکانی ئەو وڵاتە.
فرانچێسکۆ کاماردا، هێرشبەرێکی سەرەڕمی ئیتاڵییە، تەمەنی تەنیا 16 ساڵە، بەڵام ئاستی لە یاریزانێکی بەئەزموون دەچێت.
ئەو یاریزانە توانایەکی گۆڵکردنی زۆر نایابی هەیە، بەشێوەیەک کە راهێنەری یانەکە، پاوڵۆ فۆنسێکا بڕیاریداوە ئەم هەفتەیە لە خولی ئیتاڵیا پشتی پێ ببەستێت.
ئەو یاریزانە لەدایکبووی ساڵی 2008ە و لە ساڵی 2015 پەیوەندی بە ریزەکانی ئەکادیمیای ئەی سی میلانەوە کردووە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا کاماردا، وەک بەرگریکار یاری پێدەکرا، بەڵام دواتر راهێنەرانی ئەکادیمیاکە، لەبەر بڕینە تایبەتەکانی و توانای گۆڵکردنە نایابەکەی، شوێنی یاریکردنیان گۆڕی بۆ هێرشبەری سەرەڕم.
کاماردا ناسراوە بەوەی جەنگاوەرێکی تایبەتە سەرەڕای بچووکی تەمەنی، ئەو یاریزانە لە تەمەنی 9 ساڵیدا، دوای ئەوەی یانەی ئەکادیمیای ئەی سی میلان بە دوو گۆڵ لە دواوە دەبێت بەرامبەر ئەکادیمیای بایرن میونشن، کاماردا تووشی پێکان دەبێت، بەڵام بە راهێنەرەکەی دەڵێت دەمەوێت بەردەوام بم لە یاریکردن و بە دوو گۆڵ و ئەسیستێک، سەرکردایەتی ئەی سی میلان دەکات بۆ بردنەوە لە بایرن بە ئەنجامی 3-2.
کاماردا لە درێژەی ساڵانی یاریکردنی لەگەڵ تیپی تازەپێگەیشتووان و لاوانی میلان، لە کۆی 89 یاریدا 485 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمە وایکرد پیۆلی، راهێنەری پێشووی ئەی سی میلان، بانگهێشتی بکات بۆ تیپی یەکەمی یانەکە و دوای بەشداریکردنی لە یاریی فیۆرینتینا لە ساڵی 2023، تەمەنی ئەو یاریزانە لەو کاتەدا 15 ساڵ و 260 رۆژ بوو، و بەو شێوەیە بووە گەنجترین یاریزان لە یارییەکی خولی ئیتاڵی بەشداربووبێت.
بەشداریکردنی یاریزانەکە ئاسایی نەبوو، چونکە بەشداریکردنی یاریزانی خوار 16 ساڵ لە خولی ئیتاڵی رێگەپێدراو نییە، بەڵام لەبەر پێکانی بەشێکی زۆری یاریزانانی یانەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا رێگەپێدانێکی تایبەتی بۆ کاماردا کرد بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا بەشدار بێت.
پاوڵۆ فۆنسێکا، راهێنەری ئێستای یانەی ئەی سی میلان، بڕیاریدا بەشداری بە کاماردا بکات لە یارییەکی چامپیۆنزلیگدا کاتێک یانە ئیتاڵییەکە رووبەڕووی یانەی کڵەب بروج بوویەوە، ئەو یاریزانە لەگەڵ هاتنە ناوەوەی، یەکەم گۆڵی خۆی لەگەڵ تیپی یەکەمی ئەی سی میلان تۆمارکرد و بووە گەنجترین یاریزان لە یارییەکی چامپیۆنزلیگدا گۆڵی تۆمارکردبێت، بەڵام گۆڵەکەی بە هۆکاری ئۆفساید رەتکرایەوە.
فۆنسێکا رایگەیاند، ئەو یاری بە کاماردا دەکات لە یاریی داهاتووی یانەکە لە خولی ئیتاڵی بەرامبەر یانەی کالیاری و چاوەکان هەمووی لەسەر یاریزانە لاوەکەی میلان دەبن بۆ ئەوەی هەموو جیهان سەرسام بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ