رووداو دیجیتاڵ
هەندێک پێیانوایە سەردانی کیم کارداشیان بۆ ریال مەدرید، هۆکاری سەرەکی ئەو کێشە و گرفتانەیە کە ئێستا یانەی شاهانە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
لە هەفتەکانی رابردوودا ریال مەدرید دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەسەر ئاستی ئەنجامەکان لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، دوای ئەوەی لە ئیلکلاسیکۆدا لە یاریگای خۆیدا، سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بە بارسێلۆنا دۆڕا، دواتریش لە هەمان یاریگادا بە سێ گۆڵ بە میلان دۆڕا، پێش ئەوەش لە چامپیۆنزلیگدا بە گۆڵێکی خاوێن بە لیل دۆڕا بوو.
هەموو ئەم قەیرانانە لە ماوەیەکی کورتدا دەرکەوتن و لەدەستدانی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەلایەن ڤینیسیۆس جونیۆرەوەش هاتەسەر و وایکرد یانەی شاهانە بچێتە ناو تونێلێکی تاریکەوە کە کەس نازانێت کەی دەگەڕێتەوە و ئایا دەگەڕێتەوە یان نا؟ لێی دەردەچێت یان نا؟.
هەموو ئەم رووداوانە پەیوەست بوون بە نهێنیەکی مەترسیدارەوە، بەو پێیەی هەندێک پێیانوایە سەردانەکەی ئەم دواییەی کیم کارداشیان، ئەستێرەی تیڤی ئەمریکی بۆ بارەگای یانەکە هۆکاری هەموو ئەو شتانەیە کە ئێستا ریال مەدرید و ئەستێرەکانی پێیدا تێدەپەڕن.
نەگبەتییەکەی سانجێرمان و ئارسیناڵ
ئەمە یەکەمجار نییە کە بەشێکی زۆری هاندەرانی تۆپی پێ کیم کارداشیان بە نەگبەت بزانن. هاندەرانی پاریس سانجێرمان و ئارسیناڵ بەر لە هاندەرانی یانەی ریال مەدرید درکیان بەوە بردووە.
ئارسیناڵ لە وەرزی پێش وەرزی رابردوودا بۆ ماوەیەکی زۆر لە پێشەنگی خولی ئینگلیزیدا بوو، پێش ئەوەی شتەکان پێچەوانە ببنەوە کاتێک کیم کارداشیان سەردانی یاریگای گەنەرزی کرد، لەوێ لە یارییەکەی یۆرۆپالیگ بەرامبەر سپۆرتینگ لیشبۆنە ئامادەبوو، کە گەنەرز بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە دۆڕا.
بابەتەکە دوای چەند رۆژێک لە پاریس سانجێرمان دووبارە بووەوە کاتێک کیم کارداشیان بۆ سەیرکردنی یارییەکەی یانەی پاریس بەرامبەر رێنی میوانەکەی ئامادەبوو، و لەناکاو تیپەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک دۆڕا.
سەردانی ریال مەدرید
مانگی ئابی ساڵی رابردوو وێنەکانی ئەستێرەکانی ریال مەدرید لە بارەگای سەرەکی مەشقەکانی یانەکە لەگەڵ کیم کارداشیان بڵاوبوونەوە و بەشێوەیەکی جیاواز لەگەڵ جود بێلینگهام، ڤینیسیۆس جونیۆر،ئیدێر میلیتاو و فلۆرێنتینۆ پێرێز دەرکەوت.
لەو ساتەوەختەوە پێدەچوو ریال مەدرید بەتەواوی نەزانێت چی بەسەرهاتووە، چونکە تیپەکە تووشی چەندین لێدانی سەخت بوو.
ریال مەدرید بە چوار گۆڵ لە ئیلکلاسیکۆ دۆڕاند، پاشان دیسانەوە بە سێ گۆڵ بەرامبەر میلان دۆڕا، هەروەها نەیتوانی ژمارەی پێوانەیی بارسێلۆنا یەکسان بکاتەوە کە لە خولی ئیسپانیا نەدۆڕاوبوو، ڤینیسیۆسیش
زۆرترین کاریگەری لەسەر یاریزانانی شاهانە ئەوەبوو کە چاویان بە کیم کەوت و وێنەکانیان لەگەڵ گیرا، لەسەرووشیانەوە جود بێلینگهام، کە تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا هیچ گۆڵێکی تۆمارنەکردووە، لەکاتێکدا وەرزی رابردوو یەکێک بوو لە گۆڵکارانی ریال مەدرید، هاوشانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر کە باڵۆن دۆری لەدەستدا، دوای ئەوەی ئەو بەربژێری یەکەمی بوو، و تەنانەت زۆر کەس باسی رۆدرییان نەکرد.
ریال مەدرید لەگەڵ ئەو سەردانەدا 3 یاری ئەنجامدا، دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەبوو، بەڵام دواتر ژمارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو خراپتر بوون.
بەکۆی گشتی تیپەکە 13 یاری ئەنجامداوە و تەنیا هەشت یاری بردووەتەوە و سێ دۆڕانی هەیە، زیاتر لەوەی بەدرێژایی وەرزی رابردوو دۆڕاندوویەتی و لە دوو یاریشدا یەکسانبووە.
سەبارەت بە جود بێلینگهام، کە پێش ئەو سەردانە 44 یاری بۆ یانەی ریال مەدرید ئەنجامداوە، و تیایاندا 23 گۆڵی تۆمارکردووە و 16 ئەسیستیشی هەیە، بەکۆی گشتی 39 بەشداریی گۆڵ، بەڵام دوای ئەوەی چاوی بە کیم کارداشیان کەوت، 10 یاری ئەنجامداوە بەبێ ئەوەی هیچ گۆڵێک تۆماربکات، و تەنیا دوو ئەسیستی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ