رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقدا، لە کۆی سێ کورد کە رکابەرییان لەسەر بردنەوەی کورسییەکی ئەندامبوون لە فیدراسیۆنەکەدا دەکرد، تەنیا یەکێکیان دەرچوو و بووە ئەندامی فیدراسیۆنەکە.
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، کاژێر 11:00 پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆی سێشەممە 14ـی ئەیلوولی 2021 لە بەغدا ئەنجامدران، عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق پۆستی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی بردەوە و بە سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردرا.
درجال بە زۆرینەی دەنگ کە 48 دەنگی بەدەستهێنا وەک سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردرا، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر شەرار حەیدەر، سەرۆکی یانەی کەرخ بەدەستهێنا، کە ئەمیان لە دەنگدانەکەدا 16 دەنگی کۆکردەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، گۆڤەند عەبدولخالق، وەک نوێنەری کورد لە یەکێتییەکەدا هەڵبژێردرا، بەڵام هەریەکە لە تەها زاخۆیی و دیار فەخرەدین دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا.
لە هەڵبژاردنەکاندا، عەلی جەبار، بە جێگری یەکەمی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ و یونس مەحموود بە جێگری دووەمی سەرۆکی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردران، هەردووکیشیان بەبێ رکابەر ئەو پۆستانەیان بردەوە.
عەدنان درجال لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نووسیوویەتی "زۆر سوپاسی خێزانی تۆپی پێ دەکەم، سوۆاسی دەستەی گشتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، دەستەی ئاساییکردنەوە، هەموو لیژنەکان و ئەوانەی لە ماوەی رابردوودا کاریانکردووە دەکەم، پشت بەخوا ئێمە لە ئاست داواکاریی جەماوەری وەرزشیمان دەبین لە خزمەتکردنی تۆپی پێی عێراق."
ئەندامانی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق
عەدنان درجال - سەرۆک
عەلی جەبار - جێگری یەکەمی سەرۆک
یونس مەحموود - جێگری دووەمی سەرۆک
غالب ئەلزاملی - ئەندام
گۆڤەند عەبدولخالق - ئەندام
غانم عرێبی - ئەندام
محەممەد ناسر - ئەندام
رەحیم لفتە - ئەندام
رەشا تاڵب - ئەندام
ئەحمەد ئەلموسەوی - ئەندام
یەحیا زغەیر - ئەندام
خەلەف جەلال - ئەندام
فراس بەحر ئەلعلوم - ئەندام
حوسێن عەنکوشی، سەرۆکی یانەی دیوانیە، کە پێشتر بڕیاربوو خۆی بەربژێر بکات، دوای کشانەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا دەڵێت "چیرۆکی من و وەرزشی عێراق کۆتاییهات، چیدیکە لە تۆپی پێدا بەردەوام نابێت و بڕیارەکەشی گەڕانەوەی تێدانییە."
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ساڵێک و 8 مانگ لەلایەن دەستەیەکی کاتییەوە بەڕێوەدەبرا، لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا فیفا داوای لە دەستەکە کرد کار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی فیدراسیۆنەکە بکات بۆ ئەوەی فیدراسیۆنی نوێ دەستنیشانبکەن.
پێشتر عەبدوڵڵا مەجید سەرۆکی یانەی وەرزشی هەولێر بەربژێری وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بوو، بەڵام دواتر خۆی لە هەڵبژاردنەکان کشاندەوە، هاوکات حوسێن عەنکوشی، سەرۆکی یانەی دیوانیەش کە بەدرێژایی ساڵی رابردوودا بانگەشەیەکی زۆری لە رێگەی میدیای عێراقییەوە کرد دەیەویست رکابەری لەسەر بردنەوەی پۆستی سەرۆکی فیدراسیۆنەکە بکات، بەڵام ئەویشیان چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان خۆی کشاندەوە.
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە 1948 دامەزراوە بارەگای سەرەکی لە شاری بەغدایە، لە دوای دامەزراندنییەوە 21 کەس سەرۆکایەتی یەکێتییەکەیان کردووە، عەبدولخالق مەسعود تاکە کوردە لە مێژووی وەرزشیی هەرێمی کوردستاندا پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی وەرگرتووە و ساڵی 2014 بووە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە، بەڵام بەبێ ئەوەی وادەی کارکردنی تەواوببێت دەستی لەکارەکەی کێشایەوە و فیدراسیۆنەکە درایە دەست دەستەیەکی کاتی کە لەلایەن ئەیدا بونەیانەوە سەرۆکایەتی دەکرا و ئەحمەد کۆچەریش تاکە ئەندامی کورد بوو لە فیدراسیۆنەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ