رووداو دیجیتاڵ
یانەی وەرزشیی زاخۆ بەشێوەیەکی فەرمی بەردەوامبوونی راهێنەری یانەکەی راگەیاند و دەڵێت " ناکرێت هەندێک کەس خۆیان بسەپێنن و لە جێگەی کارگێریی یانەکە بڕیاربدەن."
یانەی زاخۆ لە روونکردنەوەیەکدا کە بۆ رووداوی ناردووە دەڵێت " ماوەیەک گوشاریکی زۆر لەسەر سەرۆک و کارگێڕیی یانەکە هەیە، لەلایەن بەشێکی هاندەرانی وەرزشی لە زاخۆ، بۆ ئەوەی راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەلە خولی عێراقدا بگۆڕدرێت، ئێمە لە یانەی زاخۆ دووپاتیدەکەینەوە یانەکە هی هەمووانە و هەر کێشەیەک هەبێت پێویستە چارەسەربکرێت."
یانەی زاخۆ دەڵێت " ئەوەی نا سرووشتییە و جێگەی تێڕامانە، ئەوەیە کە هەندێک کەس لە ریگەی سۆشیاڵمیدیاوە دەیانەوێت خۆی لەسەر یانەکە بسەپێنن و لە شوێنی کارگێری یانەکە بڕیاربدەن، بۆیە دەڵێین خۆ سەپاندن بۆ گۆڕینی راهێنەر و هەر بابەتێکی دیکە گونجاو نییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی یانەکە و ئەو پلەیەی یانەکە تێیدایە، بەباشتری دەبینین عەبدولوهاب ئەبولهێل لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت."
کارگێڕیی یانەی زاخۆ زیاتر نووسیوویەتی " رێز لە بۆچوونی هەر هاندەرێکی یانەکە دەگرین، بەرپرسیارەتی ئێمەیە وەک کارگێڕیی یانەکە بڕیاری گونجاو بدەین، با کەلتووری خۆ سەپاندن لەلایەن هەندێک کەسەوە کۆتاییبێت، داوا لە هاندەرانی وەرزشی دەکەین هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی بابەتەکە زیاتر لە سۆشیاڵمیدیادا نەبێتە قسەوباس، چونکە خزمەت بە وەرزشی شارەکە ناکات.
ئەم روونکردنەوەیەی یانەی زاخۆ لە کاتێکدایە، ئەنجامەکانی یانەکە لە قۆناخی دووەمی خولی عێراقدا بە دڵی هاندەران نین و لە ماوەی رابردوودا بەشێوەی جیاواز داوای دوورخستنەوەی راهێنەری یانەکە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ