ناوبژیوانێکی کورد یارییەکانی پاڵەوانێتی فوتساڵی ئاسیا بەڕێوەدەبات

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن رەوەند فەتاح پاڵەوانێتی فوتساڵی ئاسیا
A+ A-
رووداو هەولێر 

رەوەند فەتاح، تاکە ناوبژیوانی عێراق و کوردستان یارییەکانی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی فوتساڵی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ ئاستی خانمان بەڕێوەدەبات. 
 
یارییەکانی کۆمەڵەی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی فوتساڵی نەتەوەکانی ئاسیا بە بەشداری هەڵبژاردەکانی خانمانی ئوستراڵیا، ئۆزبەکستان، تورکمانستان، کوێت لەگەڵ فیلیپین لە وڵاتی ئۆزبەکستان بەردەوامە.
 
ئەو ناوبژیوانە کوردە کە بڕوانامەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی هەیە و باوەڕپێکراوە، لەسەر داوای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا یارییەکان بەڕێوەدەبات، لە دەستپێکی یارییەکانی پاڵاوتنەکاندا یاری نێوان هەڵبژاردەی فیلیپین و هەڵبژاردەی کوێت لەگەڵ یاریی هەڵبژاردەی ئوستراڵیا و کوێتی وەک ناوبژیوانی یەکەم بەڕێوەبردووە. 
 
رەوەند فەتاح، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "هەستێکی تایبەت و شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە تاکە ناوبژیوانی عێراق و کوردستانم ئەو یارییە نێودەوڵەتییە گەورانە بەڕێوەدەبەم، شانازییە کە وەک کوردێک لێرەم و پەنا بەخوا ئەمە سەرەتایەکی باشە و دەمەوێت باشترین ئاست پێشکەش بکەم". 
 
ناوبژیوانە نێودەوڵەتییەکەی کورد لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی فوتساڵی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ ئاستی خانمان خەڵکی شاری کەرکووکە، لە رۆژی حەوتی مانگی ئابی 2024 بە نووسراوی فەرمی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا بووەتە ناوبژیوانی بژاردەی ئاسیا لە یاریی فوتساڵ.
 
زیاتر گوتی "خەونی گەورەم هەن و دەمەوێت لە داهاتوودا یارییەکانی جامی جیهانی فوتساڵ بەڕێوەببەم". 
 
رەوەند فەتاح لەدایکبووی 1989ـە، جیا لە یارییە نێودەوڵەتییەکان، سەرپەرشتی یارییەکانی خولی فوتساڵی ئەستێرەکانی عێراق دەکات. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە