شێرکۆ کەریم: لەسەر داوای ئارین مەسرور بارزانی لە هەولێر دەمێنمەوە

13-08-2023
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن شێرکۆ کەریم یانەی جەوییە
A+ A-
رووداو هەولێر 

شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق، دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە گرێبەستی لەگەڵ یانەی جەوییە واژۆکرد، دواتر دووپاتیکردەوە کە لەسەر داوای ئارین مەسرور بارزانی لەگەڵ یانەی هەولێر بەردەوام دەبێت. 
 
ئەم ئەستێرە کوردە، وەرزی رابردوو دوای پۆشینی درێسی یانەی هەولێر ئاستێکی بەرزی لە خولی نایابی عێراقی پێشکێشکرد، هەریەک لە یانەکانی تەڵەبە و جەوییەی لەسەر ئاستی عێراق هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ رازیکردنی ئەم یاریزانە، تاوەکو کار گەیشتە ئەوەی واژۆکردنی بۆ جەوییە رابگەینێت، بەڵام دواتر مانەوەی خۆی دووپاتکردەوە.
 
 
شێرکۆ کەریم، کە ئێستا بۆ پشوودان لە وڵاتی سویسرایە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "بەفەرمی چوومە ریزی یانەی جەوییە، خۆشەویستیم بۆ هاندەرانی یانەی هەولێر و هەموو خەڵکی ئەم شارە هەن، بەڵام کاروانی ژیانیی وەرزشیم دەبێت ببەمە بەغدا". بەڵام دواتر لە پەیامێکدا کە لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، رایگەیاند "لەسەر داوای هاوڕێی خۆشەویستم ئارین مەسرور بارزانی و ئومێد خۆشناو لەگەڵ یانەی هەولێر بەردەوام دەبم و ئەم وەرزەش لە هەولێر دەمێنمەوە".
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو شێرکۆ کەریم، لە دوو رۆژی رابردوودا چاوەڕوانی بەرپرسانی یانەی هەولێر بوو، وەڵامی هیچ یانەیەکی نەدایەوە، بەڵام دواجار ئەم ئەستێرەیە و یانەی هەولێر نەگەیشتنە رێککەوتن و شێرکۆ روویکردە یانەی جەوییە، بەر لەوەی جارێکی دیکە مانەوەی لە هەولێر رابگەینێت. 
 
بەر لە یانەی جەوییە دوو یانەی ئێرانی ململانێیان لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی شێرکۆ کەریم بوو. 
 
ئەستێرە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق، ئەمساڵ نازناوی جامی کەنداوی لەگەڵ تیپەکە بردەوە، بڕیاریش وایە کۆتایی ئەم مانگە جارێکی دیکە ناوی لە لیستی ئەو یاریزانانە بێت کە خیسۆس کاساسی راهێنەری ئیسپانی بانگهێشتی کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی عێراقیان دەکات. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە