نوێترین کۆبوونەوە لەسەر چارەنووسی سێرخیۆ رامۆس

13-06-2021
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن سێرخیۆ رامۆس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی یانەکە کۆبوونەوەیان لەسەر داهاتووی ئەو یاریزانە ئەنجامدا.

رۆژنامەکانی ئیسپانیا بڵاویانکردووەتەوە، چەند رۆژێک پێش ئێستا پێرێز کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ رامۆس کردووە و باسیان لە داهاتووی ئەو یاریزانە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی روون لەم کۆبوونەوەیەدا ئاشکرا نەبووە.

گرێبەستی سێرخیۆ لە کۆتایی ئەم مانگەدا بە فەرمی کۆتاییدێت، هەردوولا پێرێز و رامۆس دەیانەوێت پێش ئەم وادەیە مانەوە یان رۆیشتنی کاپتنەکەی مەدرید یەکلایی ببێتەوە.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکە لە ڤالدیبێباس بووە، بەڵام هیچ زانیارییەک نەزانراوە ە باسی چییان کردووە، بەڵام گومان لەوە دانییە کۆبوونەکە لەسەر یەکلاکردنەوەی داهاتووی رامۆس بووە.

کێشەی نوێنەکردنەوەی گرێبەستی رامۆس لەسەر ئەوەیە یانەکە دەڵێت، گرێبەستەکەت بۆ ساڵێک بە مووچەی خۆت نوێبکەوە، یان بۆ دوو ساڵ بەڵام مووچەکەت %10 لێدەبڕێت، رامۆسیش دەڵێت، ئەوەی من دەمەوێت گرێبەستەکەم بۆ دوو ساڵ بێت و مووچەشم لێنەبڕێت.

یانە گەورەکانی ئەوروپا چاودێری بارودۆخی ئەو یاریزانە و کۆبوونەوەکانی دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتووی، چونکە دەیانەوێت کاپتنە مێژووییەکەی مەدرید بگوازنەوە یانەکەیان، مانچێستەر سیتی یەکێکە لەو یانانەی داوای رامۆسی کردووە، سێڤییاش دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە یانەکەی، ئەوەی بەهێزەوە کار بۆ گواستنەوەی دەکات یانەی پاریس سانجێرمانە و ئامادەیی خۆشی پێشانداوە هەموو مەرجەکانی رامۆس قبوڵبکات بۆ ئەوەی بیباتە یانەکەی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە