رامۆس تووشی کێشەی خێزانی دەبێت

15-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پیلار روبیۆ سێرخیۆ رامۆس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سێرخیۆ رامۆس، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی کێشەیەکی خێزانی دەبێتەوە، بەهۆی چوونی بۆ خولی مەکسیکی.
 
سێرخیۆ رامۆسی بەرگریکاری قاڵی ئیسپانی بەهۆی وێستگەی نوێی ژیانی وەرزشیی خۆی لەگەڵ یانەی مۆنتێری مەکسیکیدا، رووبەڕووی قەیرانێکی خێزانی دەبێتەوە.
 
سێرخیۆ رامۆس بەگرێبەستێکی یەک ساڵی رووی لە یانەی مۆنتێری کرد، بەگواستنەوەیەکی بێبەرامبەر دوای ئەوەی بۆ ماوەی 6 مانگ بەبێ یانە مایەوە لەو کاتەوەی لە کۆتایی وەرزی رابردووی 2023-2024 ریزەکانی سێڤییای جێهێشت.
 
ئەمە یەکەم ئەزموونی یاریزانە تەمەن 38 ساڵەکە دەبێت لە دەرەوەی ئەورووپا، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمانیش یاری کرد.
 
هاوژینەکەی رەتیدەکاتەوە لەگەڵیدا بچێتە مەکسیک
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پیلار روبیۆ، هاوژینی سێرخیۆ خامۆس رەتیدەکاتەوە لەگەڵ هاوسەرەکەی روو لە مەکسیک بکات.
 
بەپێی گوتەی رۆژنامەڤان خاڤی دی هۆیۆس لە رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، پیلار روبیۆ پێشکەشکاری بەنێوبانگی تەلەڤزیۆنی. بەهۆکاری پیشەیی بڕیاری داوە لە ئیسپانیا بمێنێتەوە.
 
دی هۆیۆس لە لێدوانەکانیدا دەڵێت "پیلار روبیۆ لەگەڵ سێرخیۆ رامۆس ناچێتە مەکسیک".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوژینەکەی رامۆس لەگەڵیدا چووە پاریس، دواتر رامۆس چووە شاری سێڤییا، دواتریش بە هۆکاری پیشەیی بڕیاریدا بچێتە مەدرید، بەڕاستی حەزی لە ژیانکردن لەوێیە.
 
بڕیاری مانەوەی هاوژینەکەی رامۆس لە ئیسپانیا، لەوانەیە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە دادوەرە لە پێشبڕکێی هەفتانەی "ئەنتێنا 3" و نمایشی جلوبەرگی Maestros de la Costura Celebrity.
 
سێرخیۆ رامۆس لە ساڵی 2012 پەیوەندی لەگەڵ مۆدێل پیلار روبیۆدا کردووە، و دوای 7 ساڵ هاوسەرگیریان کردووە، و خاوەنی 4 منداڵن بە ناوەکانی سێرخیۆ جونیۆر. مارکۆ، ئەلیخاندرۆ و ماکسیمۆ ئادریانۆ.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، بەدڵنیاییەوە ئەمە کێشەیەکی خێزانییە، بەڵام هێشتا نازانرێت کە ئەنجامەکەی بەچی دەگات، بەتایبەتی کە هێشتا رامۆس هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە نیشان نەداوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە