راهێنەرێکی ریال مەدرید نهێنییەکی گەورە لەبارەی مێسییەوە ئاشکرا دەکات

12-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤینسێنتی دیل بۆسکی، راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، نهێنییەکی نەبیستراوی لەبارەی لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی یانەی بارسێلۆناوە ئاشکرا کردووە.
 
دیل بۆسکی، لە 1999 تاوەکو 2003 راهێنەری یانەی ریال مەدرید بوو، لەگەڵ ئەو یانەیەدا دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگ و دووجاریش نازناوی لالیگای ئیسپانیای بەدەستهێناوە.
 
دیل بۆسکی، لە پاش مەشقدانی ریال مەدرید، روویکردە بێشکتاشی تورکی و پاشان لە 2008 تاوەکو 2012 مەشقدانی هەڵبژاردەی ئیسپانیای وەرگرت و یەکەم نازناوی مۆندیالی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەدەستهێنا، بەرلەوەی لە ساڵی 2012 نازناوی یۆرۆش لەگەڵ هەڵبژاردەکە بباتەوە.
 
دیل بۆسکی دانیبەوەداناوە کە هەوڵی زۆریداوە بۆ ئەوەی لیۆنێل مێسی رازی بکات یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکات، لەجیاتی ئەرجەنتین، بەڵام رەتیکردووەتەوە و دیل بۆسکی دەڵێ، لە هەوڵەکەمدا شکستم هێنا.
 
مێسی جیا لەوەی کە وڵاتینامەی ئەرجەنتینی هەیە، هەر لە منداڵییەوە وڵاتینامەی ئیسپانیشی بەدەستهێناوە و دەیتوانی هەریەک لەو دوو هەڵبژاردەیە هەڵبژێرێت، بۆئەوەی یارییان بۆ بکات.
 
مێسی وێڕای گەورەبوون و پێگەیشتنی لە بارسێلۆنا، هەرزوو بڕیاریدا یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بکات، ئەگەرچی گوشاری زۆری خرایە سەر بۆ ئەوەی درێسی ئیسپانیا بپۆشێت.
 
دیل بۆسکی ئاشکرایکردووە کە هەوڵی زۆری لەگەڵ مێسی داوە، ئەو دەڵێ، "هەوڵمدا مێسی ببەمە هەڵبژاردەی ئیسپانیا پاشئەوەی لەگەڵ بارسێلۆنا یارییکرد، بەڵام ئەو سووربوو لەسەرئەوەی یاریی بۆ ئەرجەنتین بکات، هیچ کات ویستی بڕیار گۆڕینی پێشان نەدا و ئەرجەنتینی زۆر خۆشدەویست".
 
راهێنەرەکەی پێشووی ریال مەدرید دەڵێ، مێسی باشترین یاریزانە کە هەلی ئەوەم بۆ نەڕەخسا راهێنەری بم.
 
ئەو هەروەها گوتویەتی، "باشترین یاریزان کە لە ژیانمدا بینیومە مێسییە. ئەگەر بەراوردی ئەو بە رۆناڵدۆ بکەم، من مێسی هەڵدەبژێرم".
 
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا چەندجارێک هەوڵیدابوو مێسی بەیاریکردن بۆ هەڵبژاردەکەی رازی بکات، بەڵام ئەو یاریزانە رەتیکردبووەوە.
 
هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوەداوە، تەنانەت ئەستێرەکانی ئیسپانیا و ریال مەدریدیش قسەیان لەگەڵ مێسی کردووە بۆ رازیکردنی لەپێناو یارییکردن بۆ ئیسپانیا، بەڵام ئەو رازی نەبووە.
 
پێشتر پێپ گواردیۆلا، کە خۆی کەتەلۆنییە گوتبووی، هیوام دەخواست مێسی بەدرێسی ئیسپانیاوە یاریی بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە