رووداو هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە ئەنجامدانی سێ یاری، پاڵەوانێتی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا بۆ ئاستی خوار تەمەن 23 ساڵی لە عێراق دەستپێدەکەن.
یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بە بەشداری 9 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچن، کە بریتین لە عێراق، ئوردن، ئیمارات، فەڵەستین، سوریا، ئێران، لوبنان، عوممان لەگەڵ یەمەن. یارییەکان لە هەردوو یاریگەی مەدینە لە شاری بەغدا و یاریگەی نێودەوڵەتی کەربەلا بەڕێوەدەچن و 9 رۆژ دەخایەنێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، تەواوی خەرجی بەشداری هەڵبژاردەکانی کردووە، مەبەستی سەرەکیشی ئامادەکاری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراقە بۆ یارییەکانی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بە کۆتاییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس.
لە یەکەم رۆژی یارییەکاندا شاری بەغدا دوو یاری تێدا بەڕێوەدەچن، هەڵبژاردەی عێراق میوانداری هەڵبژاردەی ئوردن دەکات، دواتر هەڵبژاردەی عومان و هەڵبژاردەی لوبنان یاری دەکەن. یاریگەی کەربەلاش یاری هەڵبژاردەی سوریا و هەڵبژاردەی فەڵەستین لەخۆ دەگرێت.
شەوی رابردوو عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، سەردانی شاری کەربەلای کرد، سەردانی یاریگەکەی کرد و لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی ئەمنی شارەکە کۆبوونەوەی ئەنجامدا، بۆ ئەوەی دڵنیایی تەواوی لەسەر ئامادەی شارەکە بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان هەبێت.
غالب زاملی، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێمە لەنێو رووداوێکی گەورەداین و دەمانەوێت بەجوانترین شێوە هاوشێوەی جامی کەنداو سەرکەوتوو بین لە میوانداریکردنی جامی رۆژئاوای ئاسیا".
عێراق چوارەمجارە میوانداری جامی رۆژئاوای ئاسیا دەکات. لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراقدا دوو یاریزانی کورد هەن، هەریەک لە هەڵۆ فایەق و بڵند حوسێن.
رازی شنێشڵ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق بەر لە یارییەکەیان، گوتی "هیوام وایە عێراق دڵی هەموو میوانانی رازی بکات و بتوانین جوانیەکانی وڵاتمان نمایش بکەین. لەنێو ئامادەکارییەکی زۆر کەمدا دەمەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرم بۆ ئامادەکردنی تیپەکەم بۆ گەیشتن بە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس".
بەپێی ئەو شێواز و پلانەی داندراوە یارییەکانی پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا بەشێوازی سێ کۆمەڵە بەڕێوەدەچن، یەکەمی کۆمەڵەکان لەگەڵ باشترین دووەم بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ