رووداو هەولێر
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا دوای بردنەوەکەیان بەرامبەر سێڤییا، پەیامێکی تووندی ئاراستەی یاریزانەکانی کردووە و پێیگوتوون "ئەوەی پێشتر روویدا لە پشووی جەژنی کریسمسدا نابێت دووبارە ببێتەوە". هەروەها پێشیگوتوون "کاری گەمژانە قبوڵ ناکەم".
بەپێی لێدوانەکانی فلیک لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی دوای یارییەکەیان بەرامبەر سێڤییا، پەیامەکەی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ لامین یامال و دانی ئۆلمۆ بووە.
دوابەدوای بردنەوەکەیان بەرامبەر سێڤییا لە خولی ئیسپانیا، فلیک رایگەیاند کە تیپەکە چەند رۆژێک پشووی دەبێت دوای هەفتەیەک بەبێ یاریکردن، بۆ ئەوەی یاریزانەکانی وزەی خۆیان بارگاوی بکەنەوە، چ لەڕووی جەستەیی و چ لەڕووی دەروونییەوە.
هەروەک کەناڵی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، یانەکە تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو ناگەڕێتەوە بۆ مەشق و راهێنانەکان.
فلیک باسی لە جەژنەکانی سەری ساڵ کرد و گوتی "سێ رۆژ پشووم بە تیپەکە دا تاوەکو پشوو بدەن، پێموایە شایەنی ئەوەن، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە کاری گەمژانە ناکەن، و سەرنجیان لەسەر چاکبوونەوەیان بێت. کاری گەمژانە لە کەس قبوڵ ناکرێت"
لەوانەیە لێدوانەکەی فلیک لەلایەن زۆر کەسەوە سەرنج نەدرێت، بەڵام لە پشت ئەم قسانەوە پەیامێکی روون هەیە سەبارەت بەو شتانەی لە پشووی جەژنی کریسمسدا روویاندا، چونکە هانزی بڕیاریدا پشوویەکی هەشت رۆژە بدات بەتیپەکە دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دوایین یاریی ساڵی 2024.
ئامانجی ئەم پشووە ئەوەبوو کە یاریزانەکان پشوویەکی دوور لە کەشوهەوای سترێس وەربگرن، بەڵام هەندێک یاریزانی وەک لامین یامال و دانی ئۆلمۆ بڕیاریان دا گەشتێکی دوور لە بارسێلۆنا بکەن.
لامین گەشتی کرد بۆ دوبەی لە کاتێکدا ئۆلمۆ چووە ئەمریکا، ئەمەش فلیکی تووڕە کرد.
هەرچەندە بەئاشکرا تووڕەیی خۆی دەرنەبڕی، بەڵام فلیک ناڕازی بوو لەوەی یاریزانەکانی لەم ماوەیەدا مەودای دوور و درێژیان بەڕێکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو رۆژانە دەرفەتێک بوون بۆ وەرگرتنەوەی وزەی دەروونی و جەستەیی دوور لە گوشار.
کاتێک تیپەکە گەڕایەوە بۆ مەشق و راهێنانەکان، فلیک جەختی لەوە کردەووەتەوە کە پێویستە یاریزانان زۆرترین سوود لە کاتەکانی پشوودان وەربگرن بۆ ئەوەی ماندوو نەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ