شەڕی فلیک و باوکی لامین دەستیپێکرد

20-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال هانزی فلیک مونیر نەسراوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە هەنگاوێکی سەیر و چاوەڕواننەکراودا، مونیر نەسراوی، باوکی لامین یامالی ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، پەیامێکی ئاراستەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا کردووە، کە پرسیارگەلێکی بەدوای خۆیدا هێناوە. 
 
لامین یامال بووەتە یەکێک لە بەهرەمەندە دیارەکانی ئەورووپا بەهۆی ئەوەی ئاستێکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ بارسێلۆنا پێشکەش دەکات، کە لەم وەرزەدا بەشداری لە 32 یاریدا کردووە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، لەو ماوەیەدا 11 گۆڵی تۆمارکردووە و 15 ئەسیستیشی کردووە.
 
بەڵام سەرەڕای ئەم درەوشاوەییە، پەیامەکەی باوکی وەک سوپرایزێک بوو، چونکە وێنەیەکی یامال و چاڤی بڵاوکردەوە و لەگەڵیدا دەستەواژەی Gracias Xavi que dios te bendiga داناوە کە بە کوردی واتا "سوپاس چاڤی، خوای گەورە پاداشتت بداتەوە".
 
لە یەکەم نیگادا ئەم قسە سادەیانە وەک رێزلێنانێکی سرووشتی بۆ راهێنەری پێشوو دەرکەوت، بەڵام لەبەر رۆشنایی بارودۆخی ئێستای بارسێلۆنا لە سەردەمی هانزی فلیک، پێدەچێت پەیامەکە کاریگەری قووڵتری هەبێت.
 
پەیامێکی ناڕوون
 
پەیامەکەی نەسراوی پرسیاری زۆر دەورووژێنێت، بەتایبەتی کە لەخۆیەوە نەهاتووە، بەڵکو رەنگدانەوەی گرژییەکی شاراوەی نێوان یامال و هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانییە.
 
زانراوە کە باوکی یامال ئەو کەسەیە کە زۆرترین کاریگەری لەسەر کوڕەکەی هەیە، هەمیشەش لە بڕیارەکانیدا رێنمایی دەکات، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەم وێنەیە تەنیا دەربڕینی سوپاسگوزارییەک نەبووە بۆ چاڤی، بەڵکو لەوانەیە رەخنەیەکی ناڕاستەوخۆ بێت لە فلیک.
 
کاتی وێنەکە و هۆکارەکانی هەڵگەڕانەوەی باوکی یامال لەدژی فلیک
 
لەم سەروبەندەدا پرسێکی هەستیار لەناو بارسێلۆنا سەرهەڵدەدات سەبارەت بە بەراوردکاری نێوان چاڤی و کارگێڕیی نوێ بە سەرۆکایەتی فلیک، ئەوەش زانراوە کە چاڤی زۆر سەرسام بووە بە یامال، بەو پێیەی لە تیپی یەکەم دەرفەتی پێبەخشی و متمانەی پێبەخشی، هەر ئەمەشە کە باوکی یاریزانەکە لەبەرچاوی گرتووە.
 
سێ هۆکاری سەرەکی هەن کە وایانکردووە باوکی یامال ئەو وێنەیە لەم کاتەدا بڵاوبکاتەوە:
 

ئەو وێنەیەی باوکی لامین بڵاویکردووەتەوە

1 - ناڕەزایی یامال لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی:
 
لەم وەرزەدا زیاتر لە جارێک یامال تووڕەیی خۆی نیشانداوە دوای ئەوەی لەلایەن فلیکەوە گۆڕانکاری پێکراوە، وادیارە لە بڕیارەکانی راهێنەرەکە ناڕازییە.
 
لە چەند یارییەکدا یاریزانەکە بەناخۆشی یاریگای بەجێهێشتووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بڕیارەکانی راهێنەر لەگەڵ خواستەکانیدا نەگونجێت.
 
لەوانەیە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی کاریگەری لەسەر متمانە بەخۆبوونی هەبووبێت، بەتایبەتی کاتێک پێش ئەوەی بگۆڕدرێت ئاستێکی باشی پێشکەش دەکرد.
 
2 - رەخنەی فلیک لە شێوازی ژیانی یامال:
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە لەم دواییانەدا بێزاری خۆی لە شێوازی ژیانی یامال دەربڕی، بەتایبەتی گەشتە زۆرەکانی لە رۆژانی پشوودا.
 
فلیک پێیوایە گەشتە زۆرەکان کاریگەری لەسەر ئاستی جەستەیی یاریزان دەبێت، ئەمەش لە ئاستی یاریزانان لە یاریگادا رەنگدەداتەوە.
 
ئەم رەخنەیە لەلایەن یاریزانەکە و خانەوادەکەیەوە پێشوازییەکی باشی لێنەکرا، بەو پێیەی ئەوان پێیانوایە یامال هێشتا گەنجە و پێویستی بە ئازادی هەیە.
 
3 - ژمارەی گۆڵەکانی یامال لە لالیگا دابەزیوە
 
سەرەڕای درەوشاوەیی ئاستی بەشێوەیەکی گشتی، یامال ماوەیەکی زۆرە گۆڵی لە لالیگا تۆمار نەکردووە، ئەمەش لەوانەیە ئاماژەیەک بێت بۆ کێشەیەک لە شێوازی بەکارهێنانی لەلایەن فلیکەوە، بەبەراورد بەو شتەی کە لە سەردەمی چاڤیدا بووە.
 
یامال پێویستی بە بەدەستکردنەوە بە گۆڵ هەیە، کە لەوانەیە هەست بکات کە شێوازی فلیک یارمەتی نادات.
 
کەواتە، بڵاوکردنەوەی ئەم وێنەیە لەم کاتە تایبەتەدا دەکرێت هەوڵێکی ناڕاستەوخۆ بێت بۆ کاریگەریکردن لەسەر فلیک، یان تەنانەت نیشاندانی سوپاسگوزاری بۆ کەسێک کە یامال هەستی دەکرد ئەو شتەی پێبەخشیوە کە راهێنەری ئێستا پێینەداوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە