رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، باسی لە نهێنی کەسایەتی و دیوی شاراوەی هانزی فلیکی راهێنەری یانەکەی کردووە و دەڵێ زۆر بەڕێزە.
لامین ئەمساڵ لەگەڵ هانزی فلیک، لە لووتکەی ئاست و درەوشانەوەی خۆیدایە، ئەگەرچی ئەو یاریزانە لە چەند یاریی رابردووی بارسێلۆنادا گۆڵی تۆمارنەکردووە، بەڵام یەکێکە لە کاریگەرترین یاریزانەکانی پێکهاتەی ئێستای تیپەکە.
یامال لەبارەی راهێنەرەکەیەوە دەڵێ، ئەو زۆر بەسۆز و بەبەزەییە.
هانزی فلیک بەوە ناسراوە کە تووند و رێککارە لەگەڵ یاریزانەکانی و چەندینجار، بەهۆی دواکەوتنەوە لە گەیشتن لەکاتی دیاریکراو، سزای یاریزانەکانی داوە.
یامال قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێ، "فلیک زۆر بەسۆزە، بەئاسانی قسەی لەگەڵ دەکرێت. هەموو کات لە ئەحواڵی ئێمە دەپرسێت، سوورە لەسەرئەوەی شتی نوێمان فێر بکات".
لاوە حەڤدە ساڵییەکە هەروەها دەڵێ، "من خۆم زۆر شت لەوەوە فێربووم و سوودی زۆرم لێوەرگرتووە".
لامین یامال، براوەی نازناوی یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا زیاتر دەڵێ، "فلیک رێزێکی زۆری وەک مرۆڤ و وەک راهێنەر لەنێوماندا هەیە. ئەو کەسێکی زۆر روونە. تووندە، بەڵام لە پێویستی هەموو یاریزانێک تێدەگات لەکاتی یارییدا".
ئەو هەروەها روونیدەکاتەوە، فلیک لە رێنوێنی دان بەیاریزانەکانی لە یاریگەدا چیدەکات و دەڵێ، "لەبارەی بەرگرییەوە هەندێک ئامۆژگارییم دەداتێ، بەڵام کاتێک باسی هێرشبردن بێت، رێنوێنییەکانی کەمترن، ئەو رێگەم دەدات ئازاد بم و چێژ لە یارییکردن وەربگرم، ئەو متمانەی زۆرمان دەداتێ".
بارسێلۆنا دوای 26 گەڕی وەرزی ئەمساڵی لالیگا، پێشەنگی خولەکەی گرتووە بە 57 خاڵ بەجیاوازیی خاڵێک لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەم و سێ خاڵیش دوور لە ریال مەدریدی سێیەم.
تیپەکەی فلیک، باشترین رێژەی گۆڵکردنی لە وەرزی ئەمساڵی ئەورووپادا هەیە و تاوەکو ئێستا 124 گۆڵی لە 40 یارییدا تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ