رووداو هەولێر
هاوار مەلا محەممەد، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ رووداوی ئاشکراکرد، باوکی تەندروستی باش نییە و ئەوەش هۆکاری سەرەکییە کە نەتوانێت بەشداریی یارییەکانی جامی کەنداو بۆ ئەفسانەکان لە کوەیت بکات.
ئەو ئەستێرەیەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، ناوێکی گەورەی شەقامی وەرزشییە، لە 1981 لەشاری موسڵ لەدایکبووە، کوردە و یەکێکە لە نەوەی زێڕینی تۆپی پێی عێراق، هەر کاتێک ناوی دێت هەمووان یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیایان بیردێتەوە کاتێک بەئەسیستی ئەو یونس مەحموود، تۆڕی گۆڵی هەڵبژاردەی سعودیەی هەژاند و هەڵبژاردەی عێراقی بۆ یەکەمجار کردە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا.
هەڵبژاردەی ئەفسانەکانی عێراق رۆژی 20ـی ئەم مانگە بەشداری یەکەمین پاڵەوانێتیی جامی کەنداو بۆ ئەفسانەکان دەکات، هاوار مەلا محەممەد و خالید مشیر، دوو ئەستێرەی کورد بوون کە حەکیم شاکری راهێنەری هەڵبژاردەکە بانگهێشتی کردبوون، بەڵام لە راهێنانەکاندا هاوار مەلا محەممەد نەبیندرا.
هاوار مەلا محەممەد، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "باوکم نەخۆشە و تەندروستی باش نییە، لە شاری بەغدایە و دەبێت خۆم لە نەخۆشخانە ئاگاداری بم، بەدڵنیاییەوە زۆرم حەزدەکرد جارێکی دیکە درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەم بپۆشم و یاریبکەم، بەڵام ئەو دۆخەی منی تێدام رێگەم نادات".
ئەزموون و بوونی کەسایەتیی بەهێزی وایکرد هاوار مەلا محەممەد پۆستی راوێژکاری سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق وەربگرێت، کە یەکێکە لەو کەسایەتیانەی لە پرسە گەورەکانی وەرزش پرسی پێدەکرێت.
راوێژکارە کوردەکەی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، لەبارەی پلانی دروستکردنی پاڵەوانی ئۆڵۆمپی بۆ ئۆڵۆمپیادی 2028 و 2032 گوتی "ئێمە بەرنامە و پلانێکی زۆر تۆکمە و دەڵەمەندمان بەپاڵپشتیی بەردەوامی سەرۆک وەزیرانی عێراق داڕشتووە، گۆڕانکاری گەورەش دەکەین و دەمەوێت بڵێم وەرزشی عێراق زۆر بەرەو پێشەوە دەچێت، بایەخ بە هەموو جۆرە وەرزشێک دەدەین نەک تەنیا یارییە بە کۆمەڵەکان".
لەگەڵ نزیکبوونەوەی واددەی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کە بڕیارە ئەمساڵ بکرێت، ناوی هەریەک لە هاوار مەلا محەممەد و نەشئەت ئەکرەم وەک بەربژێر بۆ وەرگرتنی پۆستەکانی بەڕێوەبردنی یەکێتییەکە دێت.
هاوار مەلا محەممەد، بۆ یەکەمجار جەختی لە خۆبەربژێکردنی بۆ رووداو کردەوە "بێگومان حەزدەکەم خۆم بەربژێر بکەم و ئامانجی سەرەکی من لە هەر شوێن و پۆستێک بێت خزمەتێکی گەورەیە بەبێ جیاوازی لە زاخۆ تاوەکو بەسرە، من ئێستا پابەندم بە ئەرکەکەم لە لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، بەڵام بۆ داهاتوو بۆ نا؟ ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت حەزم لە خزمەتە".
وەرزی ئەمساڵ هەریەک لە یانەکانی زاخۆ، دهۆک، هەولێر لەگەڵ نەورۆز وەک نوێنەری کوردستان بەشداری یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقیان کردووە، دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی یەکەم یانەی زاخۆ بەکۆکردنەوەی 38 خاڵ بووە پاڵەوانی قۆناخی یەکەم.
لەبارەی بەشداری و ئاستی یانەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، هاوار گوتی "ئەو ئاستبەرزی و جەماوەرە زۆر و گەرموگوڕییە کە لەنێو یاریگەکانی کوردستان دەیبینم جێگای شانازی و دڵخۆشیمە، هەموو کات کار بۆ خزمەتکردنیان دەکەم و کاتێک دەبینم یارییەکان دەبەنەوە زۆر هەستێکی جوانم لا دروست دەبێت، ئێستا کە یانەی زاخۆ پێشەنگە شانازییان پێوە دەکەم، هەموو کات خزمەت بە هەموو وەرزشوانانی کوردستان دەکەم".
هاوار مەلا محەممەد، وەک یاریزان لەنێوخۆی عێراق یاری بۆ یانەکانی موسڵ، جەوییە، هەولێر کردووە، وەک یاریزانی پیشەگەر لە خولی قەتەر، ئێران، لوبنان، ئیمارات لەگەڵ قوبرسی کردووە، تاکە یاریزانی عێراقە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا خاوەن گوڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ