رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی، بۆ یەکەمجار و بەفەرمی ئاشکرایکرد، یانەی مانچێستەر سیتی داوای گرێبەستکردن لەگەڵ عومەر مەرمووشی هێرشبەری میسریی یانەکەیانی کردووە.
لەماوەی رابردوودا سەرچاوەکان ئاشکرایانکردبوو کە مانچێستەر سیتی، بۆ راستکردنەوەی دۆخی خۆی، پاش زنجیرەیەک شکست لە وەرزی ئەمساڵ لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکان، بڕیاریداوە گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێک بکات، لە نێویاندا عومەر مەرمووشی هێرشبەری ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی.
وێڕای گەرمبوونی دەنگۆکان لە ماوەی رابردوودا، لەبارەی هەوڵەکانی سیتی بۆ بەدەستهێنانی هێرشبەرە میسرییەکە، بەڵام ئاینتراخت فرانکفۆرت هەموو دەنگۆکانی رەتکردبووەوە.
لە نوێترین وەڵامدا لەبارەی هەوڵەکانی سیتی بۆ بەدەستهێنانی مەرمووش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانە ئەڵمانییەکە، دانی بەڕاستیی داواکارییەکەی سیتیدانا، بەڵام ناوی یانەکەی نەهێناوە.
مارکۆس کروش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاینتراخت فرانکفۆرت لە لێدوانی بۆ 'سکای سپۆرتس ئەڵمانیا' دەڵێ، "بەڵێ لەچەند کاژێری رابردوودا یانەیەک بەفەرمی لەدەرگای داوین و داوای مەرمووشی کردووە".
تۆڕە ئەڵمانییەکە، ئاماژەی بەوەداوە کە دانوستاندنی نێوان مانچێستەر سیتی و ئاینتراخت بەردەوامە، بەتایبەت کە یانە ئەڵمانییەکە داوای 80 ملیۆن یۆرۆ دەکات، بۆ دەستبەرداربوون لەو هێرشبەرە کە بەئەستێرەی یەکەمی ئێستای ئاینتراخت دادەنرێت.
زانیارییەکانی تۆڕەکە ئاشکرایانکردووە، سیتی دەیەوێت لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا گرێبەستەکە ئەنجام بدات، نەک هاوینی داهاتوو.
مەرمووش لە دوایین یاریی تیپەکەیدا گۆڵی سەرکەوتنی بەرامبەر سانت پاولی تۆمارکرد و تاوەکو ئێستا لە وەرزی ئەمساڵدا، خاوەنی 14 گۆڵە و دووەم گۆڵکەری ئەم وەرزەی بۆندێسلیگایە لە پاش هاری کەینەوە کە 15 گۆڵی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ