وردەکارییەکانی گرێبەستی مەرمووش لەگەڵ مانچێستەر سیتی

18-01-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن عومەر مەرمووش مانچێستەر سیتی گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی ئامادەکاری دەکات، بۆ راگەیاندنی گرێبەستێکی سەرنجڕاکێش و گواستنەوەی ئەستێرەیەکی نوێی تۆپی پێ.
 
عومەر مەرمووش، ئەستێرەی میسری و یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت، ئەو یاریزانەیە و مانچێستەر سیتی کارەکانی گواستنەوەی تەواوکردووە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی گرێبەستەکەی ماوە.
 
یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت، بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند راگەیێنراوێکی بڵاوکردووە و رایگەیاند، مەرمووش بەهۆی ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ یانەیەکی دیکە هەیە، بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، عومەر مەرمووش چووە نێو یاریگە و لەگەڵ یاریزانانی یانەکەی بەبۆنەی بردنەوە ئاهەنگی گێڕا و دوای ئەوەش ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانە ئەڵمانییەکە کرد.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، گرێبەستی عومەر مەرمووش لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی تاوەکو هاوینی ساڵی 2029 دەبێت و نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت، بەمەش یاریزانەکە دەبێتە گرانترین یاریزانی ئەفریقی و عەرەب کە گواستنەوەی پێ کرابێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ مانچێستەر سیتی بەفەرمی گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ یانەکەی رابگەیێنێت.
 
نزیکبوونەوەی مان سیتی لە راگەیاندنی گرێبەستی ئەستێرە میسرییەکە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی یانەکە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێرلینگ هالاندی تاوەکو 2034 راگەیاند.
 
عومەر مەرمووش، ئێستا یەکێکە لە دیارترین یاریزانەکان لەسەر ئاستی پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا، یاریزانەکە لە 26 یاریی ئەم وەرزەدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 20 گۆڵی تۆمارکردووە و 14 ئاسیستی کردووە، ئەمە بووەتە هۆکاری ئەوەی پێپ گواردیۆلا داوای یاریزانە 25 ساڵەکە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە