رووداو هەولێر
پاڵەوانێتیی بالەی لاوانی کچانی یانەکانی عێراق، بە بەشداری 11 یانە لە شارۆچکەی دەربەندیخان بەڕێوەدەچێت.
یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی بالەی عێراق هەفتەیەک دەخایێنن، یانەکان بەسەر سێ کۆمەڵەدا دابەشکراون کە بەمشێویەن:
کۆمەڵەی یەکەم: تەقتەق، سیروانی هەڵەبجە، ئەرمەنی و ئیتیحادی بەغدا.
کۆمەڵەی دووەم: ئەفرۆدێت، قەرەقۆش، غازی باکوور و خاڵس.
کۆمەڵەی سێیەم: دەربەندیخان، شۆڕجە و ئەکاد عەنکاوە.
لە دەسپێکی پاڵەوانێتییەکەدا کچانی یانەی تەقتەق دوای پیشاندانی ئاستێکی بەرز توانیان لە یانەی ئیتحادی بەغدا ببەنەوە بە ئەنجامی سێ گێمی بێبەرامبەر، دووەم یاری بە بردنەوەی کچانی ئەفرۆدێت لە كچانی خاڵس کۆتاییهات، بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە گێمێک.
یانەی دەربەندیخان تیپی خاوەن خانەخۆێ میوانداریی کچانی یانەی ئەکاد عەنکاوەیان کرد، تیپی خاوەن هۆڵ و هاندەر یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە گێمێک بردەوە.
لە دوایین یاریشدا کچانی یانەی سیروانی شارەزوور لە کچانی یانەی ئەرمەنیان بردەوە بە ئەنجامی سێ گێمی بێبەرامبەر.
بەیان سڵێوە، سەرپەرشتیاری یانەی ئەکاد عەنکاوە، لە لێدوانی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "راستە یاری یەکەممان دۆڕاندووە، بەڵام دەمانەوێت رکابەری لەسەر نازناوەکە بکەین و یاریزانی ئاستبەرزمان هەن. ئێمە لەسەر ئاستی عێراق یەکەمی ئاستی پێشکەوتووان بووین، بۆیە هەموو شتێک بۆ پاڵەوانبوونی ئاستی لاوان دەکەین".
ئەمڕۆ ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن:
ئەرمەن - ئیتیحاد بەغدا
شۆرجە - ئەکاد عەنکاوە
غازی باکوور - خاڵس
قەرەقۆش - ئەفرۆدێت
سیروانی هەڵەبجە - تەقتەق
فیدراسیۆنی بالەی عێراق، بڕیاریداوە یارییەکانی پاڵەوانێتیی بالەی کچانی عێراق لە ئاستی پێشکەوتووان، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لە شاری سلێمانی ئەنجام بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ