تێکچوونی میدالیاکانی ئۆڵیمپیاد هەرا دەنێتەوە

10-08-2024
دیاری حەسەن
نیشانەکردن میدالیای برۆنزی ئۆڵیمپیادی پاریس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناڕەزایەتییەکان لە دژی خراپیی بەڕێوەبردنی ئۆڵیمپیادی پاریس بەردەوامن، ئەمجارە تێکچوونی رووخساری میدالیای برۆنزی رکابەرییەکان هەرا دەنێتەوە و ناڕەزایەتییەکانیش زیاتر دەکات.

ئۆڵیمپیادی پاریس تەنیا یەک رۆژی ماوە و کۆتاییدێت، بەڵام کێشە و مشتومڕەکان کۆتاییان نەهاتوون، ئەمجارە بابەتەکە پەیوەندی بە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی ئۆڵیمپیادە کە ئەویش میدالیای ئۆڵیمپییە.
 
یاسمین هارپەر، وەرزشوانی بەریتانی و براوەی میدالیای برۆنزی لە یاری خۆهەڵدانی مەلەوانیدا رەخنە لە کوالێتی میدالیاکان دەگرێت و رایدەگەیەنێت، دوای هەفتەیەک لە بەدەستهێنانی میدالیاکەی، رەنگی گۆڕاوە و تێکچووە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە وەرزشوانێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای بەدەستهێنانی میدالیای برۆنزی لە یاری سکەیتبۆردینگ تووشی هەمان کێشە دەبێتەوە، ئەو وەرزشوانە دەڵێت، دیوی دواوەی میدالیاکەی رەنگی خۆی لەدەستداوە و پارچەیەکی لێبووەتەوە.
 
هێشتا ئەوە دیار نییە کە لیژنەی بەڕێوەبەری ئۆڵیمپیاد میدالیایەکی نوێ دەبەخشێتە ئەو یاریزانانەی میدالیاکانیان تێکچووە یان نا، بەڵام ئەو ئەگەرە لە ئارادایە و داوادەکرێت کە قەرەبوو بکرێنەوە.
 
میدالیا ئۆڵیمپییەکان، ریزبەندی وڵاتەکان دیاری دەکەن لە ئۆڵیمپیاددا، جگە لەوەش شانازییەکی تایبەت دەبەخشن بە براوەکانیان و وەک یادگارییەک لە مێژووی خۆیاندا تۆماری دەکەن.
 
ناڕەزایەتییەکان لە دژی خراپی میدالیاکانی ئۆڵیمپیاد لەکاتێکدایە بەدرێژایی بەڕێوەچوونی ئۆڵیمپیاد وەرزشوانە بەشدارەکان لە یارییە جیاوازەکاندا، رەخنەیان لە شێوازی بەڕێوەچوونی رکابەرییەکان و خراپیی خزمەتگوزارییەکان لە گوندی ئۆڵیمپی دەگرت و پیسی ئاوی رووباری سینیش یەکێکی دیکە بوو لەو هۆکارانەی بووە جێگەی ناڕەزایەتییەکی زۆری بەشێکی بەشداران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە