رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق دووچاری دۆڕانێکی گەورە بوو و ماڵئاوایی لە رکابەریەکانی ئۆلیمپیادی ٢٠٢٤ـی پاریس کرد.
لەسێیەم یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لەرکابەرییەکانی تۆپی پێی پیاواندا، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و مەغریب لەسەر یاریگەی ئالیانز ریڤێرا لە شاری نیس رووبەڕووی یەکبوونەوە و مەغریب یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
دوای ١٩ خولەک یارییکردن ئەمیر ریچاردسن بە لێدانی سەر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی مەغریب تۆمارکرد.
لە خولەکی ٢٨ سۆفیان رەحیمی ئەستێرە و گۆڵکاری هەڵبژاردەی مەغریب بۆ جاری دووەم تۆڕی گۆڵی هەڵبژاردەی عێراقی هەژاند و چوارەم گۆڵی خۆی لە ئۆلیمپیاددا تۆمارکرد.
پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە چەند خولەکێک عەبدولسەمەد زەلزولی یەکێک لەجوانترین گۆلەکانی ئۆلیمپیادی تۆمارکرد و مەغریبی کردە خاوەنی سێ گۆڵ.
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، هەڵبژاردەی عێراق زۆر هەوڵیدا ئەنجامەکە باشتربکات و گۆڕانکاری بکات، بەڵام هیچی پێنەکرا و هەڵبژاردەی مەغریب بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە و بە دوو بردنەوە و دۆڕانێک خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی ئۆڵیمپیاد و کاروانی هەڵبژاردەی عێراقیش کۆتاییهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ