رووداو هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشیی کوردستان بڕیاریدا رۆژی 22ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر ئەنجامبدرێت.
بەهۆی گلەیی هاندەرانیان و ئەنجامە خراپەکانی یانەکە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، دەستەی کارگێڕیی پێشووی یانەکە دوورخرانەوە و دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی یانەکە داندرا.
چەندجارێک لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق تانەی لە یانەی هەولێر داوە و ئەمەش وایکرد بڕیار لە هێنانە پێشی واددەی هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ دەستەی کارگێڕیی یانەکە دابندرێت.
سەرچاوەیەک لە یانەی هەولێر، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "ئێمە سەرەتا دەمانویست رۆژی 4ـی مانگی کانوونی دووەم هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش هێندرایە پێش ".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشیی کوردستان سەرپەرشتی کاروباری یاسایی و کارگێڕیی یانەکانی کوردستان دەکات، لە رووی یاساییەوە هەڵبژاردن بۆ یانە وەرزشییەکان دەکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی یاسایەکی تایبەت لە پەرلەمانی کوردستان بۆ وەرزش، لە کاتی هەڵبژاردنەکان دەگەڕێنەوە سەر یاسای عێراقی.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووداوی روونکردەوە "لەبەر ماوەی یاسایی و بوونی تانەلێدان کاتی هەڵبژاردنی یانەی هەولێرمان لەو واددەیە دانا، لیژنەی یاسایی و سەرپەرشتیاری کارەکانمان دیاریکردووە".
یانەی وەرزشیی هەولێر لە 1964 دامەزراوە، چوارجار نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بردووەتەوە.
بەپێی بەدواداوچوونی رووداو زیاتر لە 200 دەنگدەر وەک دەستەی گشتی یانەی هەولێر مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردن هەیە، سێبەشی ئەندامانی دەستەی کاتی کە ئێستا یانەکە بەڕێوەدەبەن دەیانەوێت خۆیان بەربژێر بکەنەوە، چوار ئەندامی پێشووی یانەکەش دەیانەوێت دووبارە کورسی ئەندامی دەستەی کارگێری وەربگرنەوە، لە دەرەوەی یانەکەش دەنگۆی بەربژێربوونی عومەر مەجید و کامەران محەممەد هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ