رووداو هەولێر
پاڵەوانێتیی بادمنتۆنی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا بۆ یەکەمجار لە مێژووی وەرزشیی عێراق لە سەرەتای مانگی 10ـی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
یارییەکانی کێبرکێکە بە بەشداری 12 هەڵبژاردە هەفتەیەک دەخایەنێت، هەڵبژاردەی عێراق کە میوانداری پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیایە، لەنێو کەمپێکی راهێنانداییە لە شاری هەولێر، تیپەکە چاوی لە ئەنجامێکی گەورەیە.
ڤان شەوقی، ئەندامی فیدراسیۆنی بادمنتۆنی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "دڵخۆشین یارییەکان لە هەولێر بەڕێوەدەچن، ئێمە جیا لە وەرگرتنی شەرەفی میوانداری پاڵەوانێتیی دەمانەوێت نازناو و زۆرترین میدالیای زێڕ ببەینەوە".
هەڵبژاردەی عێراق بە 16 یاریزانی کوڕ و کچ بەشداری رکابەرییەکە دەکات، نیوەی پێکهاتەی یاریزانانی تیپەکە کوردن و دەیانەوێت ئاهەنگی بردنەوەی میدالیا زێڕەکان بگێڕن. کورد سەنگێکی گەورەی لە فیدراسیۆنی بادمنتۆنی عێراق هەیە، لە بەغدا بڕیاردراوە پاڵەوانێتییەکە لە بەسڕە ساز بکرێت، بەڵام بەهۆی بوونی سەرۆک و سێ ئەندامی کورد لە فیدراسیۆنەکە یارییەکە هێندراوەتە شاری هەولێر.
شەوقی زیاتر گوتی" وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق لە هەوڵی زۆردا بوو یارییەکان لە بەسڕە بەڕێوەبچن، بەڵام پێداگیرمان کرد و یارییەکان هاتنە هەولێر، هۆتێل و خزمەتگوزاری و گەشتیاریی هەولێر هیچی لە وڵاتانی کەنداو کەمتر نییە و دڵنیام سەرکەوتوو دەبین لە بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە".
دووەمجارە هەولێر میوانداری پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی دەکات، لە 2012 دا یارییەکانی پاڵەوانێتیی بادمنتۆنی وڵاتانی عەرەب لە هۆڵی یانەی ئەکاد عەنکاوە بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ