سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا: تێباس پیاوێکی درۆزنە و بەرتیلمان نەداوەتە نیگرێرا

08-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا ساندرۆ رۆسێل دۆسێی نیگرێرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ساندرۆ رۆسێل، سەرۆکی پێشووتری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بێدەنگیی لەبارەی تۆمەتبارکردنی بەبەرتیلدان بە سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانانی لالیگا شکاند و تۆمەتەکانی رەتکردەوە. هێرشی تووندی کردە سەر خافێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا و بە کەسێکی درۆزن ناویبرد.
 
بارسێلۆنا لە دۆسێی ناسراو بە نیگرێرا، تۆمەتبارکراوە بە بەرتیلدان بەناوبژیوانان لە رێگەی نیگرێرای سەرۆکی پێشووی دەستەی ناوبژیوانانی ئیسپانیاوە، دۆسێیەکە تاوەکو ئێستا لە دادگایە و داواکاری گشتیی شاری بارسێلۆنا، یانەکەی بە بەرتیلدان و گەندەڵی تۆمەتبارکردووە.
 
سەرۆکی پێشووتری یانە کەتەلۆنییەکە لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا، دەڵێ "زیانی زۆرم پێگەیشتووە" لەلایەن سەرۆکی دەستەی لالیگاوە. ئەو هەروەها دەڵێ، "کاتێک دۆسێی نیگرێرا سەریهەڵدا، تێباس بەپشتبەستن بەبەڵگەیەک کە تەنیا پارچە کاخەزێکی بەجێماو لە کەسێکی مردووبوو، لای داواکاری گشتیی سکاڵای لەسەر خۆسێ ماریا بارتۆمیۆ و من تۆمارکرد".
 
سەرۆکەکەی پێشووتری بارسێلۆنا پێیوایە ئەوەی لەو دۆسێیەدا روویداوە، "سکانداڵە"، دووپاتیدەکاتەوە کە تێباس درۆی کردووە و دەڵێ، "ئەمە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە، دەتوانین سکاڵای لەسەر تۆماربکەین و ئێستا لە لێکۆڵینەوەداین بۆ ئەوەی سکاڵای لە دژ بکەین، بەڵام جارێ کاتی نەهاتووە و لە کاتی خۆیدا وەڵاممان دەبێت".
 
لە هەمان چاوپێکەوتندا، رۆسێل دەڵێ، "بەدڵنیاییەوە من نیگرێرام دەناسی، ئەو بەرپرسی یەکەمی ئامادەکردنی راپۆرتی ناوبژیوانان بوو بۆ بارسێلۆنا بۆ ماوەیەکی زۆر. بەڵام هەموو تیپە گەورەکان ئەو کارە دەکەن و سوود لە راپۆرتی ناوبژیوانان وەردەگرن، چونکە ئەوە بەشێکی سەرەکییە لە یارییەکەدا و دەبێ بزانی ناوبژیوانان چۆن هەڵسوکەوت دەکەن و چۆن بڕیار دەدەن".
 
رۆسێل دووپاتیدەکاتەوە کە هەرگیز ناوبژیوانی نەکڕیووە و بەرتیلی نەداوە بە ناوبژیوانان، ئەو دەلێ، پێدانی بڕی چوار هەزار یۆرۆ بۆ راپۆرتێک کارێکە بیانووی هەیە، چونکە "نیگرێرا راپۆرتی لەبارەی ناوبژیوانانەوە دەداینێ کە هۆکارێکی دیکە بوو بۆ شیکردنەوە بەرلەوەی یارییەکان ئەنجام بدەین. ئەو پێی دەگوتین ئەگەر ناوبژیوان ئاسانکار بووایە لە ئەژمارکردنی لێدانی سزا یان لەپێدانی کارتی رەنگاوڕەنگ، لە تۆپی پێشدا لێدانێکی سزا و کارتێکی زەرد پارەیەکی زۆر دەهێنێت، زۆر زیاتر لە چوار هەزار یۆرۆ".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "نیگرێرا تەنیا بەهۆی کارەکەیەوە پارەی پێنەدراوە، بەڵکو بەهۆی هەندێک نهێنیشەوە، چونکە کاتێک ئەوان هەندێک شتمان بۆ رووندەکەنەوە لە راپۆرتەکانیاندا، دەبێ ئێمە پارەی ئەو نهێنییانە بدەین".
 
سەرۆکی پێشووتری بارسا بەلایەوە سەیرە یانەکەی بەبەرتیلدا بە ناوبژیوانان تۆمەتبارکراوە، لە کاتێکدا تیپێکی پڕ ئەستێرەی هەبووە، ئەو دەڵێ "ئێمە مێسی، بۆسکێس، ئەلبا، ئینێستا و چاڤیمان هەبوو، گواردیۆلا راهێنەر بوو، کەچی پێماندەڵێن کە ئێمە بەهۆی نیگرێراوە براوەبووین، ئەمە قسەیەکی پووچ و بێمانایە. یان دەڵێم ئەو فەرمانبەر بووە لای ئێمە، بەڵام ئەوانە زێدەڕۆیین. فیدراسیۆنی تۆپی پێ خۆی دەڵێ نیگرێرا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ناوبژیوانان نەبووە. ئەوان ئێمەیان تۆمەتبارکردووە بە کوشتن، بەڵام نازانین ئەو کەسەی کوشتوومانە کوا تەرمەکەی و کێیە!".
 
ساندرۆ رۆسێل هەروەها گوتوویەتی، "دوای لێکۆڵینەوەکان، هیچ یارییەکە نەدۆزرایەوە کە بارسا بەهۆی ناوبژیوانەوە سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنابێت، لەکاتێکدا ئەوان دەیانویست بگەنە بیانوو و بەڵگەیەک بۆ تۆمەتبارکردنمان و ئەوەشیان بەردەستنەکەوێت هەر تۆمەتبارمان دەکەن، چونکە من پێشتریش لە شوێن و بۆنەی دیکەدا هەمان شتم بەسەرهاتووە".
 
سەرۆکی پێشووتری بارسا، ئاڵای ئاڵنگاری بەڕووی ئەوانەدا بەرز دەکاتەوە کە یانەکەی بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکەن و دەڵێ، "داوایان لێدەکەم یەک یاریی بدۆزنەوە کە ئێمە بەهۆی ناوبژیوانەوە سەرکەوتنمان تێدا بەدەستهێنابێت، لە کاتێکدا دەتوانم دەیان بەڵگە لەسەرئەو یارییانە بهێنمەوە کە ناوبژیوانان هاوکارییان نەکردووین، ئێمە لە کۆتایی یەکێک لە وەرزەکاندا، نازناوی خولەکەمان بەهۆی هەڵەی ناوبژیوانێکەوە لەدەستدا کە دواتر خۆی دانیبەوەدانا کە هەڵەی کردووە".
 
تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان لە دۆسێی نیگرێرا لە دادگاکانی بارسێلۆنا بەردەوامن و هەندێک سەرچاوە پێشبینی ئەوە دەکەن بارسا سزای جۆربەجۆر بدرێت کە لە لێسەندنی پارەوە دەستپێدەکات، تاوەکو سزای دابەزاندن لە لالیگا. بەڵام روون نییە دوا بڕیاری دادگا لەبارەی دۆسێیەکەوە چی دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە