رووداو دیجیتاڵ
بریدراگ میاتۆڤیچ، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی، داوای لە کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەکە کردووە، ماوەیەک کیلیان ئێمباپێ بخاتە سەر کورسیی یەدەگ، لەپێناو باشبوونی دۆخی ئەو یاریزانە.
میاتۆڤیچ، نوێترین کەسە کە قسەی لەسەر دۆخی ئێمباپێ لە ریال مەدرید کردووە و بەپێویستی دەزانێت، ئەو یاریزانە لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکە دووربخرێتەوە.
ئێمباپێ، هاوینی ئەمساڵ بەخۆڕایی لە پاریس سانجێرمانەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، بەڵام رووبەڕووی دۆخێکی ئاڵۆز بووەتەوە، ئەگەرچی لە 20 یاریدا دە گۆڵی تۆمارکردووە. بەڵام ئەو هێرشبەرە گوشاری زۆری لەسەرە و رەخنەی زۆری لێدەگرێت، بەتایبەت پاشئەوەی لە دوو یاریدا، لێدانی سزای لەدەستدا بەرامبەر لیڤەرپوول و ئاتلێتیک بیلباو و هەردوو یارییەکەش بەدۆڕانی ریال مەدرید کۆتاییهات.
پێدەچێت، ئێمباپێ ئەفسانەکانی ریال مەدریدیشی بێئومێد کردبێت، میاتۆڤیچ لە لێدوانی بۆ رادیۆی 'مۆنتیکارلۆ' رەخنەی لەو یاریزانە گرت و داوایکرد بخرێتە سەر کورسیی یەدەگ.
میاتۆڤیچ دەڵێ، گومانم لە بەهرە و تواناکانی ئێمباپێ نییە، بەڵام ئەو هێرشبەرە کێشەی لە بیرکردنەوەیدا هەیە.
میاتۆڤیچ کە سێ وەرز یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە کردووە و گۆڵی بردنەوەی بۆ ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 1998 کردووە، دەڵێ، "ئەو بەدەست گوشار و دڵەڕاوکەوە دەناڵێنێت و دەیەوێت کاری گەورە بکات بۆئەوەی پێشانی بدات ئەستێرەیەکی گەورەیە.
ئەو زیاتر دەڵێ، "کیلیان پێویستی بەئارامییە، کارێکی خراپ نابێت ئەگەر لە هەندێک لە یارییەکان لەلایەن ئەنچیلۆتی راهێنەرەوە بکرێتە یەدەگ. ئەو دەبێ لەسەر قەبارەی داواکارییەکانی ریال مەدرید رابێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ