بەرازیل ماڵئاوایی لە کۆپا ئەمریکا کرد

07-07-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بەرازیل و ئۆرۆگوای
بەرازیل و ئۆرۆگوای
نیشانەکردن بەرازیل ئۆرۆگوای کۆپا ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی بەرازیل ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی کۆپا ئەمریکا کرد، دوای ئەوەی بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای دۆڕا.
 
لە دوایین یاریی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا هەردوو هەڵبژاردە رووبەڕووی یەکبوونەوە، لە سەرەتای یارییەکەدا داروین نونێز لە ئۆرۆگوای هەڕەشەی لە گۆڵی بەرازیل کرد، بەرازیلیش بەهێرشێک وەڵامی دایەوە، بەڵام لە نیوەی یەکەمدا گۆڵ نەکرا.
 
لە خولەکی 71 ناسان ناندێز لە ریزەکانی ئۆرۆگوای بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، هەرچەند سەرەتا ناوبژیوان کارتی زەردی بەڕوودا بەرزکردەوە، بەڵام گەڕایەوە ڤار و بڕیارەکەی بۆ کارتی سوور گۆڕی.
 
کاتی ئاسایی یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، یارییەکە چووە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، هەریەکە لە ئیدێر میلیتاو و دۆگلاس لویز لە ریزەکانی بەرازیل سەرکەوتوو نەبوون، هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای یارییەکەی بە چوار لێدان بەرامبەر دوو لێدان بردەوە و بەرازیلی لە کۆپا ئەمریکا کردە دەرەوە.
 
لە قۆناخی داهاتوودا ئۆرۆگوای بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا یاری دەکات.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە دوایین 8 یاریی فەرمیدا، تەنیا یەک بردنەوەی بەدەستهێناوە ئەویش بەرامبەر پاراگوای بوو بە 4-1، ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2001ـەوە ئەمە لە بەرازیل روودەدات کە لەنێوان مانگی ئادار بۆ تەممووز هەڵبژاردەکە لە 9 یارییدا تەنیا یەک سەرکەوتنی هەبوو.
 
بەرازیل لە دوایین دووجار کە یارییەکانی چووبێتە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، بە کرواتیا و ئۆرۆگوای دۆڕاوە، یاریزانەکانی لە کۆی 8 لێدان چوار لێدانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە