رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل نەیتوانی درێژە بداتە سەرکەوتنەکانی و دوو خاڵی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لەدەستدا و پلەیەک دابەزی.
لە درێژەی رکابەرییەکانی گەڕی 12ـی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە ئەمریکای باشوور، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان هەڵبژاردەی بەرازیل لە فۆنتێ نۆڤا ئارێنا میوانداریی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای کرد و هەردوو هەڵبژاردە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، یاریزانانی هەردوولا چەند هێرشێکیان بردە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام کەسیان لە هەژاندی تۆڕی ئەوەی دیکەیان سەرکەوتوو نەبوو و نیوەی یەکەمی یارییەکە بە ئەنجامێکی سپی کۆتاییهات.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا بەرازیل باشتر یارییکرد و چەندجارێک خۆی لە گۆڵی ئۆرۆگوای نزیککردەوە، بەڵام لە خولەکی 55 فێدریکۆ ڤالڤێردی تۆڕی هەڵبژاردەکەی بەلێدانێکی بەهێز هەژاند و ئۆرۆگوای پێشخست.
وەڵامی بەرازیل بۆ میوانەکەی خێرابوو و دوای تەنیا 7 خولەک جێرسۆن بەلێدانێکی بەهێزتر لەوەی ڤالڤێردی ئەنجامەکەی بۆ سیلیساو یەکسانکردەوە و هەڵبژاردەکەی گەڕاندەوە نێو رکابەرییەکە.
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو ئەنجامە مایەوە و هەردوولا بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، ئۆرۆگوای لە پلەی دووەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور مایەوە و خاوەنی 20 خاڵە، بەرازیل لە پلەی چوارەمەوە دابەزی بۆ پلەی پێنجەم و 18 خاڵی هەیە.
بەرازیل رۆژی 20-3-2025 میوانداری کۆڵۆمبیا دەکات و ئۆرۆگواییش لە هەمان رۆژدا بەرامبەر ئەرجەنتین یاری دەکات، تاوەکو ئەو کاتەش هەڵبژاردەکان یاری ناکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ