رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل، بڕیارێکی نوێی دەرکرد و بەهۆیەوە وەستان لەسەر تۆپی لەلایەن یاریزانانەوە قەدەخە کرد. مێمفیس دێپای، یاریزانی هۆڵەندیی یانەی کۆرێنسیانزیش وەڵامی دایەوە، لەبەرئەوەی دوای جوڵەیەکی ئەو یاریزانە بڕیارەکە دەرکراوە.
یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل یاسایەکی نوێی بۆ خولەکەی دەرکرد، کە سزای ئەو یاریزانانە دەدات کە بە هەردوو قاچەوە لەسەر تۆپ دەوەستن و هەر یاریزانێک ئەوە بکات بە کارتی زەرد لەلایەن ناوبژیوانەوە سزا دەدرێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کاتێک مێمفێس دێپای لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی پاولێستادا ئەو جوڵەیەی ئەنجامدا، کە بەپێی بۆچوونی رۆژنامەڤانان ئەم بڕیارە وەڵامێکە بۆ یاریزانە هۆڵەندییەکە.
دێپای، یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، کە ئێستا یاری بۆ یانەی کۆرێنسیانز دەکات، وێنەیەکی ئەو ساتەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە و تیپی سی بی ئێفی تاگ کرد، ئەمەش یاساکەی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیلی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
ئەو یاریزانە هۆڵەندییە نووسیویەتی "پێویستە سەرنجمان لەسەر ئەو یاسایانە بێت کە بەڕاستی یارییەکە باشتر دەکەن، نەک داهێنان سنووردار بکەن".
لە رێنماییە نوێیەکەدا هاتووە ناوبژیوانان دەبێت لێدانی ناڕاستەوخۆ بۆ تیپی بەرامبەر هەژماربکەن و کارتی زەرد بدەنە ئەو یاریزانانەی بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەن، ئەمەش کاردانەوە و مشتومڕی لەنێو هاندەران و یاریزاناندا دروست کردووە.
دێپای دەڵێت "تۆپی پێی بەرازیل بەم جوڵە هونەرییانەوە جوانە، کێ ئەم بڕیارانە دەدات!".
یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل دەیەوێت ئەو جوڵە و دیمەنانە سنووردار بکات کە لەلایەن یاریزانان و هاندەرانەوە بەسووکایەتی هەژمار دەکرێن و زۆرجاریش بوونەتە هۆکاری تووندوتیژی و نانەوەی پشێوی و ئاژاوەگێڕی لەنێو یاریگاکانی تۆپی پێدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ