ڤیدیۆ؛ پۆلیسێک بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە تەقە لە یاریزانێک دەکات

24-07-2024
ئیحسان تاهیر
ئەو یاریزانەی تەقەی لێکرا
ئەو یاریزانەی تەقەی لێکرا
نیشانەکردن خولی بەرازیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەرازیل دایکی تۆپی پێیە، بەڵام زۆرجاریش سەیرترین و نامۆترین رووداوەکانی تۆپی پێ لەنێو یاریگەکانی ئەو وڵاتەدا روودەدەن، وەک ئەوەی ئەمجارە پۆلیسێک بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە لەنێو یاریگەدا تەقە لە یاریزانێک دەکات و برینداری دەکات.
 
لە دیمەنێکی زۆر نامۆ و دەگمەنی نێو یاریگاکانی تۆپی پێدا، پۆلیسێک بە بەرچاوی یاریزانە هاوڕێکانی تەقە لە قاچی یاریزانێک دەکات و برینداری دەکات.
 
ئەم رووداوە سەیرە لە یاریی نێوان گرێمیۆ ئەناپۆلیس و سێنترۆ ئۆێست، لە گەڕی 12ـی خولی پلەدووی تۆپی پێی بەرازیل روویدا.
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆدا، کە سۆشیاڵ میدیای جیهانی تەنیوە، پیاوێکی پۆلیس تفەنگێکی بەدەستەوەیە، و بەبێ ئاگادارکردنەوە فیشەکێکی لاستیکی بە ئاراستەی گۆڵپارێزی گرێمیۆ ئاناپۆلیس، رامۆن سۆزا دەتەقێنێت و قاچی بریندار دەکات.
 
تەقاندنی فیشەکی لاستیکی بە ئاراستەی گۆڵپارێزی گرێمیۆ لە کاتێکدا روویدا کە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، دەمەقاڵێ و ناکۆکی لەنێوان یاریزانانی ئەو دوو تیپەدا روویدا.
 
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە گۆڵپارێزە بریندارەکە بەهۆی ئازارەوە هاوار دەکات و لە شوێنی رووداوەکە دوور دەکەوێتەوە.
 
لە گرتەیەکی دیکەدا یاریزانەکە لەسەر زەوی دەبینرێت، کە تیمی پزیشکی چارەسەری بۆ دەکەن و فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ یاریزانە پێکراوەکە دەکەن، هەرچەندە برینەکەی مەترسی لەسەر ژیانی دروست نەکردووە.
 
یارییەکە بە دۆڕانی تیپی گرێمیۆ بە سێنترۆ ئۆێستی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات و کێشە لە نێوان یاریزانانی هەردوو تیپدا روویدا.
 
یانەی گرێمیۆ ئاناپۆلیس، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویکردەوە "شایەتحاڵی رووداوێکی قێزەون بووین، دوای ئەوەی گۆڵپارێزەکەمان بەهۆی گولـلەیەکی لاستیکییەوە لێیدرا، کە لەلایەن پیاوێکی ئاسایشەوە لە یاریگای جۆناس دوارتەوە تەقەی لێکرا".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەوە کارێکی ترسناک و تاوانکارییە لەلایەن کەسێکەوە کە پێویستە ئاسایش و سەلامەتی بۆ خەڵک دابین بکات".
 
هەروەها دەشڵێت "رێوشوێنی گونجاو دەگرینەبەر تاوەکو لایەنی بەرپرسیار سزا دەدرێت و دادپەروەری بێتە ئاراوە، و بۆ ئەوەی ئەم تاوانە بێ سزا بەسەر تاوانبارەکەدا تێنەپەڕێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە