نەیمار خولی بەرازیلی هەژاندووە

19-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نەیمار داسێلڤا یاریگە خولی بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسێلڤا و ژمارەیەک ئەستێرەی گەورەی بەرازیل، لە شێوەی تیاگۆ سێلڤا و کۆتینیۆ، هەڵمەتێکی گەورەیان لە بەرازیل، لە دژی چیمەنی یاریگەکانی وڵاتەکە دەستپێکرد.
 
ئەو یاریزانانە لە سۆشیال میدیادا پۆستێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێن، "ئەو رێگەیەی تۆپی پێی بەرازیل گرتوویەتییە بەر، مایەی دڵەڕاوکەیە".
 
هەروەها دەڵێن، "جێگەی داخە ناچاربین باس لە چیمەنی دەستکردی یاریگەکانمان بکەین، بەتایبەت لەگەڵ قەبارەی گەورەی تۆپی پێ لە وڵاتەکەدا".
 
ئەوان هەروەها دەڵێن، "نابێ و ناکرێ تەنانەت ئەمکارە وەک بژاردەیەکیش بیری لێبکرێتەوە" وێنەیەکیشیان لەگەڵدا بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێ، "تۆپی پێ سرووشتییە، دەستکرد نییە".
 
ئەو یاریزانانە لە سۆشیال میدیای خۆیشیان هەمان هەڵمەتیان دووبارەکردەوە و دووپاتیدەکەنەوە کە بەرازیل دەبێ دەست بەکوالیتیی زەویی یاریگەکانییەوە بگرێت، "یاریگەکانی یارییکردن و مەشقکردنیش"، ئەگەر دەیەوێت، "دووپاتی بکاتەوە کە پێشەنگە لە بازاڕی تۆپی پێی جیهانیدا".
 
یانەکانی بۆتاڤۆگۆ، هەڵگری نازناوی جامی لیبێرتادۆرێس و خولی بەرازیل، هەروەها پالمێراس و ئاتلێتیکۆ پارانایسی کە بۆ خولی پلە دووی وڵاتەکە دابەزیوە، یاریگەکانیان چیمەنی دەستکردە.
 
یانەی پالمێراس وەڵامی هەڵمەتەکەی داوەتەوە و دەڵێ، ئەو چیمەنە دەستکردەی ئێمە لە یاریگەکەماندا بەکاریدەهێنین، "بڕوانامەی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) پێدراوە و بەردەوام پشکنینی بۆ دەکرێت.
 
هەروەها دووپاتیدەکاتەوە، "هیچ بەڵگەیەکی زانستیی نییە بیسەلمێنێت کە ئەو جۆرە چیمەنە، هۆکارە بۆ پێکرانی یاریزانان و بەپێچەوانەوە بەپێی نوێترین بڵاوکراوەی گۆڤاری لانسێت دیسکەڤەری ساینس، رێژەی پێکان لە یاریگەی چیمەنی دەستکردا، کەمترە".
 
پالمێراس ئەوەش دووپاتدەکاتەوە کە پێویستە گفتوگۆ لەبارەی کوالیتیی یاریگەکانەوە بکرێت، بەبێ ئەوەی "رەخنەی بەتاڵ و نازانستی بهێنرێتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە