دەستە پزیشکییەکەی مارادۆنا دادگایی دەکرێن

07-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حەوت کارمەندی تیمی چاودێریی تەندروستی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی پێشووی ئەرجەنتین، دوای چوار ساڵ لە کۆچی دوایی، دادگایی دەکرێن بەتۆمەتی پشتگوێخستن و بێباکی.
 
مارادۆنا لە تەمەنی 60 ساڵیدا و لە 25ی یانزەی ساڵی 2020 کۆچی دواییکرد، هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانیی دەڵین تیمی تایبەت بەچاودێریکردنی ئەو ئەفسانەیە، کەمتەرخەمییانکردووە لە کارەکەیاندا.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، بڕیارە زیاتر لە 100 کەس وەک شایەتحاڵ، لە دادگا ئامادەبن بۆ قسەکردن لەبارەی دۆسێیەکەوە.
 
لەنێو شایەتحاڵەکاندا ئەندامانی خێزانەکەی مارادۆناش بوونیان دەبێت و بڕیارە دادگاییەکە ماوەی چوار مانگ بخایەنێت.
 
ئەگەر تۆمەتەکە لەسەر ئەو حەوت ئەندامەی تیمە تەندروستییەکە ساخ ببێتەوە، لە نێوان هەشت بۆ 25 ساڵ بەند دەکرێن.
 
مارادۆنا لە کاتێکدا کۆچی دواییکرد کە لەژێر چارەسەریدابوو پاشئەوەی نەشتەرگەری ئەنجامدا بەهۆی تووشبوونی بەجەڵتە مێشک، ئەوەش پاش ساڵانێکی درێژ لە ململانێی وازهێنا لە خوپێوەگرتنی هۆشبەر و کهول.
 
مارادۆنا بەهۆی هۆشبەر و کهولەوە، دووچاری کێشەی زۆری تەندروستیی بووبوو لە گورچیلە و جگەر، دڵ و مێشکیدا و دوای دوو هەفتە لە هاتنە دەرەوە لە نەخۆشخانە، بەمردوویی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە.
 
راپۆرتی فەرمیی ئاشکرایکردووە، دادگاییکردنەکە هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکات و هەریەکە لە دکتۆری نەشتەرگەریی مێشک، لیۆبۆلدۆ لوکی، هەروەها ئاگۆستینا کوساچۆڤی پزیشکی دەروونیی و کارلۆ دیاس راوێژکاری تەندروستی، نانسی فۆرلینی هاوئاهەنگیکای پەرستاران، ماریانۆ پیرۆنی پزیشک، پیدرۆ پابلۆی پزیشک و ریکاردۆ ئالمێرۆی چاودێری دادگایی دەکرێن.
 
داواکاری گشتی، ئەو ئەندامانەی تیمە پزیشکییەکەی تۆمەتبارکردووە بە کەمتەرجەمی لە چاودێریکردنی مارادۆنا و وایداناوە ئەوان لێگەڕاون ئەو رووبەڕووی چارەنووسی خۆی ببێتەوە.
 
لیژنەیەکی تایبەتمەندی پزیشکان کە لە 2021 راپۆرتی خۆی بۆ داواکاری گشتیی ئەرجەنتین بەرزکردووەتەوە، دەڵێ "ئەگەر مارادۆنا چارەسەری گونجاوی وەربگرتایە لە نەخۆشخانەیەک، هەلی مانەوەی لە ژیاندا زیاتر دەبوو".
 
ئەو حەوت کەسەی لە دۆسێیەکەدا تۆمەتبارکراون، هەموو جۆرە بەرپرسیارێتییەک لە مردنی مارادۆنا رەتدەکەنەوە، لە کاتێکدا ماڵباتەکەی مارادۆنا دەڵێن ئەو لەژێر مەترسییەکی گەورەی مردندا بووە و تیمەکە وەک پێویست چاودێریی ئەویان نەکردووە.
 
مارادۆنا بەیەکێک لە مەزنترین ئەفسانەکانی تۆپی پێی جیهان و ئەرجەنتین دادەنرێت و ساڵی 1986 پێشەوایەتیی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە