بۆمبێکی نوێ لەبارەی سوپەرلیگی فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە

05-12-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز سوپەرلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، سوپرایزێکی نوێی سەبارەت بە چارەنووسی خولی سوپەرلیگ ئاشکراکرد، کە ئامانجی رکابەریکردنە لەنێوان بەهێزترین یانە ئەورووپییەکان و بیرۆکەی سەرەکی پڕۆژەکە لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدریدەوە دانراوە و سوورە لەسەر ئەوەی بەگژ یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپادا بچێتەوە، کە دژی پڕۆژەکەیە.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، کۆمپانیای A22 کە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە پەیوەندی بە زیاتر لە 100 یانەوە کردووە، 60 یانە رەزامەندیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەی سوپەرلیگ دەربڕیوە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک هەموارکردن پێشنیاز کراون و کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لێکۆڵینەوەی جددییان لەسەر دەکرێت، وەک رێگەدان بە یانە بچووکەکانی وەک لیل یان بایەرلیڤەرکوزن بۆ ئەوەی راستەوخۆ بەشداری قۆناخی ستارلیگ بکەن، ئەگەر نازناوی خولەکە لە ئەڵمانیا و فەرەنسا بەدەستبهێنن.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو یارییانەی کە ئەو تیپەی گەشتەکەی بۆ یاریی کۆتایی سوپەرلیگ تەواو دەکات لە 19 یارییەوە بۆ 17 یان 18 یاری کەم بکرێتەوە، بۆ ئەوەی گوشاری یارییەکان کەمتر بێت.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو یانانەی سەرەتا واژۆیان لەسەر سوپەرلیگ کردووە، وەک بایرن میونشن و یانە ئینگلیزی و ئیتاڵییەکان و دواتر لە ژێر گوشار و هەڕەشەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپادا کشانەوە، پەیوەندییان بە پڕۆژەی پاڵەوانێتییە گەورەکەوە دەمێنێتەوە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، سەرکردایەتی پڕۆژەی سوپەرلیگ دەکەن، کە بە بڕیارێکی دادگای دادوەری یەکێتیی ئەورووپا لە مانگی کانوونی دووەمی 2023ـدا گەرەنتی یاسایی بەدەستهێناوە.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا دەڵێت "تەنیا ئەوە ماوە کۆتا وادەی دەستپێکردنی پاڵەوانێتی سوپەرلیگ رابگەیێنرێت، یان لە مانگی ئەیلوولی 2025 یان ئەیلوولی 2026.
 
سوپەرلیگ پاڵەوانێتییەکە بەبەشداری 64 تیپ بەڕێوەدەچێت، کە دابەشکراون بەسەر 3 خولدا، و 16 یانە لە خولی ستارلیگ، کە باشترینەکانی پێنج خولە گەورەکانی ئەوروپا (ئیسپانیا، ئینگلتەرا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا) لەخۆدەگرێت لەگەڵ تیپە بەهێزەکانی دیکەی خولی وڵاتانی وەک پۆرتوگال و هۆڵەندا.
 
هەروەها خولی زێڕین بەبەشداری 16 تیپ بەڕێوەدەچێت، جگە لە گرووپی خولی شین، کە بەبەشداری 32 تیپ بەڕێوەدەچێت، کە هەر وەرزێک 20 تیپ دادەبەزن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە