ئامادەبوونی هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر لە یارییەکەی بەرامبەر بۆڵوسپۆر قەدەخە کرا

05-12-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر، کە لە کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تۆپی پێی تورکیا یاری دەکات، لە یاریی جامی زراعەتی تورکیا چوارشەممە 6ی کانوونی یەکەمی 2023 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی بۆڵوسپۆر دەبێتەوە؛ بەڵام ئامادەبوونی هاندەرانی ئامەدسپۆر لە یاریگە قەدەخە کرا.
 
یانەی ئامەدسپۆر و بۆڵوسپۆر رۆژی چوارشەممە لە گەڕی چوارەمی جامی زراعەتی تورکیا، لە یاریگەی ئەتاتورک لە شاری بۆڵو رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
دەستەی ئاسایشی وەرزشیی پارێزگای بۆڵو پێش یارییەکە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بە هۆکاری ئەمنی، ئامادەبوونی هاندەرانی ئامەدسپۆری لە یاریگە قەدەخە کرد.
 
هاندەرانی ئامەدسپۆر لە سۆشیالمیدیا کاردانەوەیان بەرامبەر بڕیارەکە نیشاندا و دەڵێن، قەدەخەکردنی هاندەران چیدیکە ناوازە نییە، بووەتە بڕیارێکی رۆتینی و بۆ ترساندنی ئامەدسپۆرە.
 
ئەم یانەیەی باکووری کوردستان کە زۆربەی یاریزانەکانی کوردن، ساڵانێکە لە چەند پارێزگایەکی تورکیا رووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی دەبێتەوە؛ لە ئایاری ئەم ساڵدا قەدەخەکردنی ئامادەبوونی هاندەرانی لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگای ئامەد هەڵگیرا.
 
هاندەرانی ئامەدسپۆر ماوەی حەوت ساڵ بوو مافی ئەوەیان نەبوو لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی یانەکە پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن، سەرباری هەڵگرتنی قەدەخەکە، بەهۆی گوشاری هاندەرانی یانەکانی بەرامبەریان، تائێستاش لە شارەکانی تورکیا رووبەڕووی رێگری و هێرشی نەژادپەرستی دەبنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە