رووداو هەولێر
فیدراسیۆنی پایسکلسواری عەرەب بەشێوەیەکی فەرمی مافی میوانداریکردنی پاڵەوانێتیی پایسکلسواریی وڵاتانی عەرەبی بەخشییە شاری هەڵەبجەی شەهید.
بڕیارە کێبرکێکانی پایسکلسواریی وڵاتانی عەرەب بە بەشداری 9 وڵات لە مانگی یازدەی ئەمساڵ لە هەڵەبجەی شەهید ئەنجام بدرێت، فیدراسیۆنی پایسکلسواریی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو دەستپێکردووە.
ساجد لامی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی پایسکلسواری عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "هەڵەبجە کەش و هەوایەکی فێنک و خۆشی هەیە و گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب، بیرمان لەوەشکردەوە شەقامەکانی کەمتر جەنجاڵن و دەتوانین بەشێوەیەکی ئاسانتر کێبرکێکان ئەنجام بدەین".
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەی شەهید، سەیرانگەکانی ئەحمەدئاوا و سەیرانگەکانی ناوچەی هەورامان خۆشییەکی زۆری بۆ گەشتیاران و ئەو کەسانە دروستکردووە کە سەردانی دەکەن، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی پێدانی مافی میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە بوو.
لامی زیاتر روونیکردەوە "بێگومان میوانانی عێراق دەبەینە ناوچە گەشتیارییەکان و سروشتی جوانی شوێنە گەشتیارییەکانی هەڵەبجەیان پیشاندەدەین و دەمانەوێت چێژ وەربگرن".
هەر لە چالاکییەکانی فیدراسیۆنی پایسکلسواریی عێراق، بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە قۆناخی سێیەمی پاڵەوانێتیی پایسکلسواریی یانەکانی عێراق بە بەشداری 35 یانە لە شاری دهۆک دەستپێبکەن و چوار رۆژ دەخایەنن.
ئەمساڵ پاڵەوانێتیی پایسکلسواریی عێراق بە چوار قۆناخ تەواو دەبن، دوای تەواوبوونی دوو قۆناخ لەسەر ئاستی پێشکەوتووان، یانەی حەشدی شەعبی پلەی یەکەمی ئاستی کوڕانی گرتووە، لەسەر ئاستی کچانیش یانەی کارەبا پێشەنگە.
کەنعان ئیسماعیل، راهێنەری پایسکلسواریی یانەی کۆیە، کە بەشداری پاڵەوانێتییەکەیە، بۆ رووداو، گوتی "ئامادەکارییەکانمان زۆر باشە و دەمانەوێت لە پلەی سێیەمەوە هەنگاو بنێین بەرەو پلەکانی پێشەنگ، یاریزانانمان لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو لە شاری هەولێر، لەنێو کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری بوون".
فیدراسیۆنی پایسکلسواریی عێراق، دەیەوێت قۆناخی چوارەمی پاڵەوانێتییەکەی بهێنێتە شاری هەولێر و جام و نازناوی وەرزی ئەمساڵ لەنێو پایتەختی هەرێمی کوردستان بە یانە پاڵەوانەکان ببەخشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ