پێرێز، ئێندریک شۆک دەکات

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤیکتۆر یۆکێرێش ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، جارێکی دیکە دەیەوێت بە سوپرایزێکی دیکەوە بێتەوە مەیدان و گرەوەکە لە هەموو گەورە یانەکانی ئەورووپا بباتەوە، کە ئامادەیە گرێبەستێکی گەورەی گۆڕینەوە ئەنجام بدات و ڤیکتۆر یۆکێرێشی هێرشبەری سوێدی بباتە سانتیاگۆ برنابیۆ.
 
سەرۆکی ریال مەدرید بیر لەوە دەکاتەوە کە بەنێوبانگترین هێرشبەری ئێستا لە ئەورووپا بەهۆی گرێبەستێکی گۆڕینەوە دەتوانێت لە ریال مەدرید نزیک بێتەوە، بەهۆی ئەو پلانەی کە خۆی ئامادەی کردووە بۆ ئەنجامدانی.
 
یۆکێرێش، هێرشبەرە سوێدییەکە، بەهۆی وەرزە ناوازەکەیەوە بووەتە یەکێک لە ناوە دیارەکانی ئەورووپا، ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەری هەیە کە سەرنجی زۆری بۆ بەدەستهێناوە.
 
هەرچەندە هاتریکەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لوتکەی ئاستبەرزی وەرزە نایابەکەی بوو، بەڵام ئاستە سەرنجڕاکێشەکانی لەپێش و پاش ئەو یارییەش سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.
 
تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا یۆکێرێش لە 19 یارییدا 24 گۆڵی تۆمارکردووە و بەهای بازاڕەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە. ئەم ئاستە سەرنجڕاکێشە وایکردووە یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە کە تیپی ئێستایەتی، بەوریاییەوە سەیری دۆخەکە بکات.
 
گرنگیدانی زۆری چەند یانەیەک بۆ گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە سوێدییە لە زیادبووندایە، ریال مەدریدیش لەنێو ئەو یانانەدایە کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئاستەکەی دەکەن.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی بڵاویکردوونەتەوە، لە ریال مەدرید ئەوە دەزانن کە سپۆرتینگ لیشبۆنە داوای پارەیەکی زۆر دەکات لە بەرامبەر یۆکێرێش، هەندێکیشیان ئامادەن پارەی پێبدەن. بۆیە هەندێک سەرچاوە باسیان لەوە کردووە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز بیر لە ئەنجامدانی گرێبەستێکی سەرنجڕاکێشی ئاڵوگۆڕکردن دەکاتەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە پێرێز رازییە وەک بەشێک لە پرۆسەکە ئێندریک بخاتە ناو گرێبەستەکەوە، بەڵام ئەمە گواستنەوەی کۆتایی نابێت، بەڵکو بەخواستن دەبێت.
 
لەوانەیە ئەم پلانە بۆ هەندێک کەس جێگەی سەرسوڕمان بێت، چونکە پێدەچێت ریال مەدرید نەیەوێت دەستبەرداری ئەو لاوە بەرازیلییە ببێت، هەروەک چۆن لەگەڵ ئاردا گولەر روویدا، بەتایبەتی ئەگەر ئەم گرێبەستە رێگەیان پێبدات هێرشبەرێکی دیکە بگوازنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە