رووداو هەولێر
بڕیارە سبەی چوارشەممە یارییەکانی سیانزدەمین وەشانی خولی عەرەبی لە وڵاتی جەزائیر دەستپێبکات، عێراق بە شاندێکی گەورەوە بەشدارە و دەیەوێت ژمارەیەک میدالیای زێڕ بباتەوە.
ئەمساڵ یارییەکانی خولی عەرەبی لە 7 شاری جەزائیر بەڕێوەدەچن، عێراق نۆیەمجارە بەشداریی یارییەکانی عەرەبی دەکات، لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق دەیەوێت لە رێگای یارییەکانی عەرەبی ئەزموون و ئاستی وەرزشوانانی تاقی بکاتەوە و هەنگاوێک نزیک بێتەوە لە گەیشتنی زۆرترین وەرزشوانی عێراق بۆ کۆتاییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس.
یارییەکانی خولی عەرەبی لە جەزائیر 10 رۆژ بەردەوامدەبن، شاندی عێراق لە 94 کەس پێکهاتوون کە یاریزان و راهێنەر لەگەڵ کارگێڕین، کە لە 15 یاری جیاوازدا رکابەری دەکەن کە بریتین لە: تۆپی دەست، یاری باسکە 3 یاریزانی، بۆکسێن، گۆڕەپان و مەیدان، زۆرانبازی، بەرزکردنەوەی قورسای، تۆپی سەرمێز، جۆدۆ، پایسکلسواری، بادمنتۆن، مەلەوانی، بەلەمی چارۆگەدار، کاراتێ، شمشێربازی و شەترەنج.
لە خولی عەرەبی جەزائیر 3500 وەرزشوانی کوڕ و کچ لەسەر ئاستی 22 وڵات بەشدارن، ئەوان لە 21 یاریی جۆراوجۆر لە شارەکانی جەزائیری پایتەخت لەگەڵ عەنابە، قوستەنتینیە، وەهران، تیبارە، بەلیلدە، تیزی ئۆزۆ رکابەری دەکەن.
ئەمیر داغستانی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، رایگەیاند "شاندی عێراق گەیشتە وڵاتی جەزائیر، وەرزشوانانمان لەسەر ئامادەکارییەکانیان بەردەوامن و ئەمساڵ دەیانەوێت ئاستێکی بەرز پێشکێش بکەین".
عێراق لە مێژووی بەشدارییەکانی لە یارییەکانی خولی عەرەبی خاوەن 344 میدالیایە کە 77 زێڕ، 116 زیو لەگەڵ 151 بڕۆنزە.
بیرۆکەی سازکردنی یارییەکانی خولی عەرەبی لە 1947 لەلایەن عەبدولڕەحمان عەزام، سەرۆکی ئەوکاتی جامیعەی عەرەبی بوو، یەکەمین وەشانی خولی عەرەبی لە 1953 لە میسر بەڕێوەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ