خولێکی نێودەوڵەتیی ناوبژیوانان بۆ خانمان دەکرێتەوە

04-06-2023
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی نێودەوڵەتی ناوبژیوانی بۆ خانمان
A+ A-
رووداو هەولێر 

بۆ یەکەمجار لە مێژووی تۆپی پێی هەرێمی کوردستان و عێراق، خولێکی نێودەوڵەتی ناوبژیوانی بۆ خانمان لە هەولێر دەکرێتەوە. 
 
بڕیارە رۆژی 22ـی ئەم مانگە بەسەرپەرشتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بە هاوکاری لقی هەولێری یەکێتییەکە خولێکی ناوبژیوانی بۆ 31 خانمە ناوبژیوان کە هەموویان کوردن دەکرێتەوە و پێنج رۆژ وانەکانی بەردەوامدەبن. 
 
ئەرسەلان قادر، بەرپرسی لیژنەی ناوبژیوانانی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو رایگەیاند "ئێمە شازنازی بەوە دەکەین کە سەرجەم بەشداربووانی خولەکە خانمانی کوردستانن، خولەکە لەسەر ئاستێکی بەرزە و وانەکانی بەشێوازی زارەکی و کردارەکی دەبن، هەموو یاسا و کارەکانی ناوبژیوانی تێدا لەسەر ئاستێکی بەرز رووندەکرێتەوە". 
 
خولەکە راستەوخۆ لەژێر چاودێری فیفایە و هەریەک لە عەلی تروفی سعودی و ئیسماعیل حافی ئوردنی، کە دوو وانەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتین وانەکان دەڵێنەوە. 
 
بەشداربووانی ئەم خولە نێودەوڵەتییە بەر لە ساڵێک خولێکی ناوبژیوانیان لە شاری هەولێر بۆ کرایەوە و بوون بە خاوەن بڕوانامەی پلە سێ، لە دوای ئەم خولە نێودەوڵەتییەوە وەک ناوبژیوانی باوەڕپێکراو دەتوانن یارییەکانی خولی کوردستان و عێراق بەڕێوەببەن.
 
قادر زیاتر گوتی "ئەو خانمانە متمانەیەکی زۆرمان پێیانە، ماوەی ساڵێک کارییان لە یارییەکانی خولی کوردستان کردووە، ئێمە و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەمانەوێت هاوشێوەی وڵاتە پێشكەوتووەکان رۆڵی خانمان لە یارییەکاندا دەربخەین و پۆلێک ناوبژیوانی ئاستبەرز دروستبکەین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە