رووداو دیجیتاڵ
دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید بەرەو خراپتر دەچێت، سبەی شەو هەردوو یانە لەسەر یاریگەی کامپ نو لە یاری گەڕانەوەی پێشكۆتایی جامی شادا بەیەکدەگەن.
بڵاوکراوەی یانەی ریال مەدرید لەبارەی دۆسێی نیگرێراوە کە بارسێلۆنا بە پارەدان بە ناوبژیوانان تۆمەتبارکراوە، کە دەڵێ ئەگەر تۆمەتەکان راست دەربچن، ئێمەش داوای مافی خۆمان دەکەین، پەیوەندییەکانی هەردوو یانەی گەیاندە بنبەست.
لە دوای ئەو هەنگاوەی ریال مەدریدەوە و لە کلاسیکۆی پێشوودا لە لالیگا، بارسێلۆنا پرۆتۆکۆلی پێشوازی لە سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و ئێوارەخوان لەگەڵ لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنادا هەڵوەشاندەوە.. دواتر سەرۆکی ریال مەدرید بڕیاریدا بۆ یارییەکە نەچێتە یاریگەی کامپ نو.
میدیای ئیسپانیا گوتوویانە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید جارێکی دیکە بڕیاریداوە نەچێتەوە یارییەکەی کلاسیکۆی سبەی شەو.
بەپێی میدیاکان، پێرێز، ئەمڕۆ دوا بڕیاری خۆی بە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی ریال مەدرید رادەگەیێنێت، بەڵام مەیلی بەلای ئەوەدایە کە نەچێتە کەتەلۆنیا و لە مەدرید بمێنێتەوە.
پێشتر بارسێلۆنا، پرۆتۆکۆلی نێوان سەرۆکانی هەردوو یانەی بۆ یارییەکەی سبەیش هەڵوەشاندبووەوە، ئەمەش بەبڕیاری خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ