نامەکەی ئەدریانۆ: هەموو رۆژێک کحول دەخۆمەوە، بەڵام تاوانبار نیم

13-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئەردیانۆ هەڵبژاردەی بەرازیل یانەی ئینتەرمیلان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەدریانۆی هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل، دانیبەوەداناوە کە هەموو رۆژێک کحول دەخواتەوە، بەڵام خۆی بەتاوانبار لە هیچ شتێکدا نابینێت. ئەو دەڵێ: من هۆشبەر بەکارناهێنم، بەڵام تەنیام.
 
ئەدریانۆ، نامەیەکی بۆ میدیای بەرازیلی ناردووە و باسی دۆخی ژیانی خۆی دەکات، هەروەها باسی شۆکی کۆچی دوایی باوکی دەکات، ئاماژەی بە ژیانی منداڵیی و خوپێوەگرتنی خواردنەوە کحولیەکان داوە.
 
ئەدریانۆ، نامەکەی لە گەڕەکی ڤێلا کرۆزیرۆوە نووسیوە، بەناونیشانی 'نامەیەک بۆ ڤاڤێلا'، راشکاوانە باسی ژیانی خۆی لەو گەڕەکە دەکات کە ژیانی منداڵیی تێدا بەسەربردووە.
 
گۆڵکەری پێشووی خولی ئیتاڵیا، کە خاوەنی ئاستێکی بەرزبوو، نامەکەی لە کاتێکدا ناردووە، کە چەند رۆژێک لەمەوپێش، چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی بڵاوکرایەوە کە لە دۆخێکی خراپدا دەردەکەوێت، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا.
 
ئەدریانۆ لە نامەکەیدا، دەڵێ، "هەوڵدەدەن هەندێک زانیاریی نادروست لەسەرم بڵاوبکەنەوە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە من هۆشبەر بەکارناهێنم، لە هیچ تاوانێکیشەوە نەگلاوم. بێگومان دەمتوانی هەموو ئەوانە بکەم، بەڵام نەمکردوون و حەزم لە ئاهەنگگێڕان نییە، بەڵکو هەموو کات دەچمەوە هەمان جێگای منداڵیم".
 
زیاتر دەڵێ، "گەڕەکەکەم و کۆشکەکەی نانا. من هەر لەوێم. ئەوەی بیەوێت دەتوانێت لەوێ بمدۆزێتەوە. من هەموو دوو رۆژ جارێک دەخۆمەوە، هەندێکجار لە نێوان ئەو دوو رۆژەشەدا دەخۆمەوە، چۆن دەکرێ کەسێکی وەک من، بگاتە ئەو تەمەنە گەورەیە و ئەو بڕە خواردنەوەیە؟ نامەوێ بۆتانی روون بکەمەوە چۆن، بەڵام ئەوە بزانن کە تەنیایی زەحمەتە لە تەمەنێکی وەک تەمەنی مندا، کارەکە بەرەو خراپتر دەڕوات".
 
حەزم لەبەهەدەردانی ژیانمە
 
ئەدریانۆ، لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا، دەڵێ، "دەزانن هەستی ئەوە چییە کە هەست بەتەنیایی بکەیت؟ دەزانم. من گەورەترین بەهرەمەندی بەفیڕۆچووی دونیای تۆپی پێم. من حەزم لەو وشەیەیە، بەفیڕۆچوو. نەک تەنیا لەبەرئەوەی کارەکە وا دێتە پێشچاو، بەڵکو لەبەرئەوەی من خوپێوەگرتووی بەفیڕۆدانی ژیانی خۆمم. من ئاوها باشم و کێشەم لەوەدا نییە کە هەموو تەمەنی خۆم بەفیڕۆ بدەم، من چێژ لەو دۆخە دەبینم".
 
هێرشبەرەکەی پێشووی ئینتەرمیلان، پارما و فلامینگۆ، خوێنەرەکانی بۆ گەشتێک بەنێو یادەوەرییەکانی منداڵیدا دەبات. ئەو باسی مردنی باوکی دەکات. ئەوە دەگێڕێتەوە کە چۆن لە ئیتاڵیا لە گەرمیی خێزانەکەی و هاوڕێکانی بێبەشبووە لەبەرئەوەی لێوەی نزیک نەبوون.
 
ئەدریانۆ دەڵێ، "جاری یەکەم، کاتێک باوکم بینیمی کحول دەخۆمەوە، پەرداخێکی پلاستیکم برد و پڕمکرد لە بیرە. ئەو کەفەی بەسەر بیرەکەوەبوو، کاتێک بەقوڕگمدا تێپەڕی، تامێکی تایبەتی هەبوو، ئەوە جیهانێکی نوێی لەبەردەمدا کردمەوە. ئەوکات لە ئاهەنگێک بووین، دایکم دیمەنەکەی بینی، بەڵام هیچی نەگوت".
 
ئەو هەروەها گوتویەتی، "نەفرەت، کاتێک باوکم بینیمی پەرداخەکەم بەدەستەوەیە، زۆر بەخێرایی بەرەوڕووم هات، وەک کەسێک کە چاوەڕێی گەیشتنی پاسێک بکات. ئەو لەبەردەممدا راوەستا و بەهەموو توانای خۆیەوە بەسەرمدا هاواریکرد، هاوارێکی تووند و کورت. بەڵام من تەنیا سەیرمکرد و ئیدی پوور و خاڵەکانم و دایکم لە دۆخەکە تێگەیشتن و هەوڵیاندا دۆخەکە لەنێوانماندا ئارام بکەنەوە".
 
وەک ئەو دەڵێ، دواتر دایکم بەباوکمی گوت مێرینۆ، وازبێنە، ئەو لەگەڵ هاوڕێکانیەتی، شتێکی شێتانە ناکات، تەنیا پێدەکەنێت و چێژ دەبینێت، وازی لێبێنە، خۆی گەورەیە و هەموو شت دەزانێت"، بەڵام باوکم ئاوڕێکی لێدامەوە و گوتی، "من هەرگیز فێری ئەو شتانەم نەکردوویت".
 
کۆچی دوایی باوک
 
ئەدریانۆ لە بەشێکی نامەکەیدا، باسی گیانلەدەستدانی باوکی دەکات، ئەو دەڵێ، "مردنی باوکم، بۆ هەتا هەتایە ژیانی گۆڕیم، ئەوە کێشەیەک بوو نەمتوانی چارەسەری بکەم و تاوەکو ئێستاش هەروەکخۆیەتی. هەموو رووداوەکان لەوێوە دەستیان پێکرد".
 
ئەدریانۆ، لە نامەکەیدا، باسی چۆنیەتی مردنی باوکی دەکات و دەڵێم "باوکم فیشەکێک بەر سەری کەوت، لە ئاهەنگێکدا لە کرۆزیرۆ، فیشەکێکی وێڵ. هیچ پەیوەندی بەرووداوەکەوە نەبوو، فیشەکەکە لە ناوچەوانییەوە چووبووە ناو مێشکیییەوە، پزیشکەکان رێگەیەکیان نەبوو بۆ دەرهێنانەوەی. دوای ئەوە ئیدی ژیانی باوکم شێوا، دووچاری نۆرەی سەرئێشە و فێ دەبوو، دە ساڵ بەو شێوەیە ژیا، جارێکی دیکە نەیتوانی ئیش بکات، هەموو ئەرکەکەی بۆ دایکم بەجێهێشت".
 
ناچمە شێتخانە
 
لەبارەی هەوڵی ماسیمۆ مۆراتی، سەرۆکی پێشووی یانەی ئینتەرمیلان بۆ دەستگیرۆیی و هاوکاریکردنی لە چارەسەری کێشەکەی، ئەو یاریزانە تەمەن 42 ساڵە دەڵێ، "پێیانگوتم کە پێویستە بچم بۆ شێتخانە، گوتیان ئەوە هیچ شەرمی ناوێت، رووداوێکە و بەسەر زۆر کەسدا هاتووە، بۆیە دەمانەوێت بتنێرین بۆ شوێنێکی سویسرا، لەوێ چارەسەر وەربگریت و لە خەمۆکییەکەت چاک ببیتەوە".
 
ئەدریانۆ دانیبەوەداناوە، "ئەوکات نەمدەزانی چی دەڵێن، پێمگوتن من شێت نیم، بەسەرۆکم گوت، هەر بەڕاستی تۆ دەتەوێت من بنێریت بۆ شێتخانە؟ بیرۆکەکە بەلامەوە زۆر پووچ بوو".
 
ئەدریانۆ ئەوەشی ئاشکراکردووە کە لەو ماوەیەدا کە بەدەست ئەو دۆخە دەروونییەوە ناڵاندویەتی، مارکۆ برانکای بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ئینتەرمیلان گومانی لێکردووە کە هۆشبەر بەکاربهێنێت، بەڵام ئەم بەهیچ جۆرێک ئەو کارەی نەکردووە.
 
ئەدریانۆ ساڵی 1982 لە ریۆ دی جانیێرۆ لەدایکبووە، یاریی بۆ چەندین یانەی جیاوازی وەک فلامینگۆ، ئینتەرمیلان، فیۆرێنتینا، رۆما، ساوپاولۆ، کۆرێنتیانز کردووە.
 
لە 2000 تاوەکو 2010 یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل بووە. لە کاروانی خۆیدا 242 یاریی ئەنجامداوە و 108 گۆڵی تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە