رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی ساڵێک لە ئێستا، مەغریب بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1988ەوە میوانداری جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دەکات و بەوەش بۆ دووەمجار لە مێژوویدا، ئەو وڵاتە میوانداریی پاڵەوانێتییە گەورە کیشوەرییەکە دەکات.
مەغریب لە 2030دا یەکێک دەبێت لەو سێ وڵاتەی میوانداریی مۆندیال دەکات، لەگەڵ هەریەکە لە پۆرتوگال و ئیسپانیا. ئەمانە دوو رووداوی گەورەی وەرزشین لە مێژووی مەغریب.
ئەوە دەبێتە دووەمجار لە مێژوودا، وڵاتێکی ئەفریقی میوانداریی مۆندیال بکات، پاشئەوەی باشووری ئەفریقا بەتەنیا میوانداریی مۆندیالی 2010ی کرد.
لەنزیک شاری کازابلانکای ناسراو بەشاری 'بەندەری گەورە' کە گەورەترین سەنتەری ئابووری و بازرگانیی مەغریبە، ئێستا یاریگەیەکی نوێ دروستدەکرێت کە 'یاریگەی گەورەی حەسەنی دووەم'ە و 115 هەزار کورسیی تێدا دەبێت.
یاریگەکە گەورەترین یاریگەی تۆپی پێیە لە جیهاندا و دەبێتە سیمبولی نوێی مەغریب وەک هێزێکی گەشەکردوو لە جیهانی تۆپی پێدا.
زۆر کەس لە مەغریب، دەست بەئومێدەوە دەگرن بەوەی کە ئەو یاریگەیە کە تێچووەکەی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلارە، یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030ی تێدا ئەنجام بدرێت.
کۆمپانیای "Populous" کە سەرپەرشتی دروستکردنی یاریگەکە دەکات، چەند وێنەیەکی نوێی یاریگەکەی لە قۆناخی دروستکردندا بڵاوکردووەتەوە و دووپاتیدەکاتەوە کە سەرقاڵی دروستکردنی گەورەترین یاریگەیە لە جیهاندا.
ئاڵاهەڵگری هەڵسانەوەکە
بابەتەکە بۆ مەغریب تەنیا ئەوەندە نییە، بەڵکو بەرلەو پاڵەوانێتییە، بڕیارە مەغریب میوانداریی پێنج وەشانی داهاتووی مۆندیالی ئافرەتانی خوار تەمەنی 17 ساڵان بکات لە ساڵی 2025ەوە، هەروەها پێشبینیکراوە ریباتی پایتەختی ئەو وڵاتە، میوانداریی لووتکەی تۆپی پێی جیهان بکات کە سەرکردەکانی ئەو یارییە لە جیهاندا بەشداریی تێدا دەکەن.
ماڵپەری 'زا ئەتلەتیک' لە راپۆرتێکدا دەڵێ، ئەوەی لە مەغریب روودەدات، ئاشکراکەری گەشتێکی درێژی وڵاتەکەیە کە پێشتر تاوەکو 2018 و بۆ ماوەی دوو دەیە نەیتوانی بگاتە مۆندیال، پاشان لەناکاو گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی پێشوو.
راپۆرتەکە دەڵێ، گەشتەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو مەغریب پلانی گەورەی بۆ تۆپی پێ هەیە و پەلەیەتی بۆ جێبەجێکردنیان.
فەوزی لەخجەع، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب، رێزێکی زۆری بەدەستهێناوە. ئەو پیاوێکی تەکنۆکراتە و بەبێئەوەی سەر بەهیچ حیزب و لایەنێک بێت، پۆستەکەی وەرگرتووە. دوور لە سیاسەت کارەکەی دەکات و دەتوانێت کاریگەریی گەورە لەسەر هەردوو لایەنی ئابووری و سیاسی لە مەغریبدا دروست بکات.
لە کۆتاییدا، وەک راپۆرتە ئەمریکییەکە دەڵێ، هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت پێشکەوتن لە بواری تۆپی پێدا بەدەست بهێنێت، ئەگەر ویستێکی سیاسیی بۆ ئەو گۆڕانکارییە نەبێت.
میوانداریکردنی مۆندیالی یانەکان
لەقجەع، رایگەیاندووە، مەغریب کاردەکات بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی یانەکان لە ساڵی 2029.
ئەگەرچی مەغریب هەڵکەوتەیەکی جوگرافیی هەیە کە کەوتووەتە باکووری کیشوەری ئەفریقا، بەڵام خۆی وەک سەنتەرێکی گەورەی کیشوەرەکە لەبواری تۆپی پێدا پێشانداوە. ئەو پێگەیە گەورەتر دەبێت، پاشئەوەی فیفا بڕیاریدا یەکەم بارەگای هەمیشەیی خۆی لە کیشوەری ئەفریقا، لە مەراکیش بکاتەوە.
فیفا پێشتر نووسینگەی خۆی لە سەنیگال و رواندا کردووەتەوە، پێشبینیکراوە، نووسینگەکەی مەراکیشی ئەو فیدراسیۆنە، هاوشێوەی لقەکانی دیکەی لە پاریس و مەیامیی ئەمریکا، کاریگەریی گەورەی هەبێت و کۆنترۆڵی خزمەتگوزارییە بازرگانی و یاساییەکان بکات لە هەموو ئەورووۆا و ئەمریکاش.
بەرلەوەی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 بەدەست بهێنێت، مەغریب پێنج هەوڵی شکستخواردووی بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە هەبوو لە 1994ەوە. راستە وڵاتەکە ساڵانێکی زۆرە ویستی ئەو کارەی هەیە، بەڵام تا ماوەی نزیکی رابردوو، تێدەکۆشا لەپێناو رازیکردنی دراوسێکانی و وڵاتانی دیکە، بەوەی کە توانای ئەو کارەی هەیە.
گۆڕانکاریی لە ستراتیجی بیرکردنەوە
بیرکردنەوەی مەغریب لە رووداوەکاندا، ئەوکات کە گۆڕا کە پاشەکشەی لە میوانداریکردنی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کرد کە بڕیاربوو لە کۆتاییەکانی 2015 میوانداریی بکات، ئەوەش بەهۆی ترس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا.
بڕیارەکەی ئەوکاتی مەغریب، دراوسێکانی ئەو وڵاتەی تووڕەکرد، چونکە تۆمەتباریان کرد بەوەی تەنیا بایەخ بە گەشتیاریی ئەورووپی دەدات و هاوکیشوەرەکانی پشتگوێخستووە.
ئەوکات، مەغریب ئەندامی لیژنەی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقی نەبوو تاوەکو بەرگری لە خۆی بکات، هەربۆیە وڵاتەکە بەبڕی هەشت ملیۆن یۆرۆ لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقاوە سزادرا و رێگەی پێنەدرا بەشداری لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2017 و 2019 بکات کە لە گابۆن و میسر ئەنجامدران.
هەرلەبەرئەوە دەبوو ستراتیجی بیرکردنەوەی وڵاتەکە لە بابەتەکاندا گۆڕانی بەسەردابێت و تۆپی پێ بووە پێشینەی سیاسەتی مەغریب، پاشئەوەی لە پێشوودا وەک تەنیا بەشێک لە پیشەسازیی رابوێری تەماشای دەکرا و لەقجەع بووە ئەو کەسەی پێشەوایەتیی گۆڕانکارییەکان دەکات.
بڕیاری ئەو سەرۆک فیدراسیۆنە، بەچاوخستنە سەر ئەفریقا، رۆڵی هەبوو لە کەمکردنەوەی بڕیاری دوورخستنەوەی وڵاتەکە و دواتر رێگەی پێدرا بەشداری لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2017 بکات.
بایەخدانی مەغریب بەرۆڵێکی کارا لە ماوەی چەند ساڵێکدا وایکرد ئەو وڵاتە 80 ملیۆن یۆرۆ لە پڕۆژەکانی ژێرخانی تۆپی پێدا خەرج بکات، هەرچەندە ئێستا ئەو پارەیە زۆر لەوە زیاترە کە ئاشکراکراوە و جۆرێک لەخۆپارێزی لای دەسەڵاتدارانی وڵات هەیە لەوەی کە ژمارەکانی تێچووی ژێرخانی تۆپی پێ ئاشکرا بکەن، لەبەرئەوەی هەندێک کەرتی دیکە، پێویستیی زۆری بەبایەخ پێدان هەیە.
هەروەها هەلێکی باش بۆ مەغریب رەخسا، کاتێک لەناکاو، عیسا حەیاتۆی کامیرۆنی لە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا لابرا، پاش بەسەربردنی 29 ساڵ لەسەرۆکایەتیی ئەو فیدراسیۆنە بەهۆی زنجیرەیەک کاری گەندەڵیی و ئەو رەخنانەی دووچاریان بوو، لە دۆسێی فرۆشتنی پەخشی تەلەڤزیۆنیی یارییەکان، کە بڕێکی زۆری بۆ فیدراسیۆنەکە دەچوو.
لە جێگەی حەیاتۆ، ئەحمەد ئەحمەد کە وەزیرێکی پێشووی مەدگەشقەرە بووە سەرۆک، بەڵام لە راستیدا جێگرەکانی حەیاتۆ هەر هەمان دەسەڵاتی پێشوویان هەبوو. هەربۆیە ئەوەی دوای ئەوە روویدا، یەکێکبوو لە پشێوترین سەردەمەکانی فیدراسیۆنەکە و هەر رۆژە و چیرۆکێکی نوێی گەندەڵی لە فیدراسیۆنەکە دزەی دەکردە سەر رووپەلی رۆژنامەکان.
لە روونبوونەوەی ئەو راستییەی کە ئەحمەد بۆ ماوەیەکی زۆر لە سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکە بەردەوام نابێت، مەغریب بەئارامی دەستیکرد بەکارکردن بۆ دەستنیشانکردنی خۆی وەک پاڵپشتیکاری سەرەکی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا و ئەوەش لەسەرەتادا زنجیرەیەک کۆنفرانس بوو، کە ئەندامەکانی فیدراسیۆنەکە تێیدا کۆبوونەوە بۆ قسەکردن لەسەر بیرۆکەی نوێ و دوای ئەوەش چەندین چالاکیی دیکە ئەنجامدران.
لە 2021دا بەهۆی سکانداڵێکی گەندەڵییەوە کە ئەحمەد ئەحمەد تێوەی گلابوو، روون بووەوە کە مەغریب کاردەکات لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ بۆ گۆڕانکاری لەسەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا.
شۆکەکەی مۆندیالی قەتەر
ساڵی 2022، هەڵبژاردەی مەغریب، بووە یەکەم وڵاتی ئەفریقی بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال. ئەوکات هەڵبژاردەی وڵاتەکە پەسنییەکی گەورەی لەسەرئاستی جیهان بەدەستهێنا و وەک یەکێک لە مەزنترین چیرۆکەکانی سەرکەوتن لە تۆپی پێدا باسیکرا. هەڵبژاردەی مەغریب سۆزی هاندەرانی هەموو ئەفریقای بەدەستهێنا و ئەوەی جێگەی سەرنجبوو، ئەوەبوو کە دەستکەوتەکە رێکەوت نەبوو.
ئەگەرچی تۆپی پێ، خۆی یارییەکی سەرنجڕاکێش و گرنگە، بەڵام مەغریب هەرگیز نەیدەتوانی بەو شوێن و پێگە نوێیە بگات لە دونیای تۆپی پێدا، ئەگەر وەبەرهێنانی گەورەی لە دامەزراوە وەرزشییەکانی نەکردایە. وەبەرهێنانەکانی مەغریب لە یارییەکەدا بێوێنە و دەگمەنن. سیمۆن چادویکی پسپۆری ئابووریی وەرزش دەڵێ، ئەوەی لە مەغریب دەبینرێت، تەنانەت لە ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش نەبینراوە".
یەکێک لە زەبەلاحترین ئەو پڕۆژانەی مەغریب کاری لەسەرکردووە، ئەکادیمیای تۆپی پێی شا محەممەدی شەشەمە کە تێچووەکەی گەیشتووەتە 65 ملیۆن دۆلار. دامەزراوەکە زۆر مۆدێرنە، دەکەوێتە دەرەوەی ریبات و رووبەرەکەی 2.5 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. قوتابخانە، سەنتەری تەندروستی و چوار یاریگە لەخۆ دەگرێت. دیزاینی هەموو ئەکادیمیاکە لەسەر شێوازی گوندە کۆنەکانی مەغریبە.
تاوەکو ساڵی 2017، پێنج ئەکادیمیای دیکەی مەشقدانی گەنجان و منداڵان لە شوێنەکانی دیکەی مەغریب دروستکرابوون، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب، تێچووی هیچ کام لەوانەی ئاشکرا نەکردووە.
دوای ساڵی 2022، دانپێدانانی مەغریب هاتە ئاراوە بەوەی کە هەڵبژاردەی وڵاتەکە لە مۆندیالی ئەو ساڵە و پێشەنگبوونی کۆمەڵەکەی کە هەریەکە لە کرواتیا، بەلجیکا و کەنەدای لەخۆ دەگرت، پاشان بردنەوە لە ئیسپانیا و دواتر پۆرتوگال، بەر لە شکست بەرامبەر فەرەنسا لە قۆناخی پێشکۆتایی، کارێک نەبوو ئەگەری روودانی هەبێت، ئەگەر ئاستی ناوازەی یاریزانە مەغریبییە تاراوگەنشینەکان نەبووایە.
گەیشتن بەلووتکە
دیارترین یاریزانی مەغریب لە مۆندیالی قەتەر، ئەشرەف حەکیمیی، یاریزانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بوو، ئەو بە 'کوڕە نازهەڵگیراوەکە'ی پاڵەوانێتییەکە دانرا، بەڵام نزیکەی 70 لەسەدی یاریزانەکانی دیکەی هەڵبژاردەکە، یان لە ئەورووپا لەدایکبوون، یان نیشتەجێی ئەوێن و هەندێکیشیان هەردوو دۆخەکەیان هەیە.
پڕۆسەی دۆزینەوەی بەهرەمەندەکان لە مەغریب، گەشەیەکی گەورەی کردووە، هەروەها ژێرخانی گەشەپێدانی ئەو بەهرەمەندانە زۆرباش بەرەو پێشچووە، بەڵام زۆرینەی یاریزانانی هەڵبژاردەکە، لەنێویاندا وەلید رەگراگی، راهێنەریش (لەپاریس لەدایکبووە و نیشتەجێی ئەوێیە)، لە کۆتاییدا بەرهەمی بیر و سیستمی ئەورووپان لە تۆپی پێدا.
ئەگەرچی یانەکانی مەغریب، هاوشێوەی یانەکانی میسر لەسەر نازناوە کیشوەرییەکانی ئەفریقا رکابەری مێژوویی نین و مووچەی بەرز نادەنە یاریزانەکانیان، بەڵام هەندێک یانەی گەورەی مەغریب، کە ژێرخانی باشیان هەیە، هێواش هێواش لەسەرئاستی کیشوەرەکە بەرەو پێش دەچن، لە نموونەی یانەی ویدادی ریازی کە بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی ئەفریقا لە 2017 و 2022، هەروەها یانەی رەجای رکابەری، نازناوی جامی کۆنفیدراڵیی ئەفریقای بەدەستهێنا لە ساڵانی 2018 و 2021.
مەغریب ویستی دروستکردن و پێگەیاندنی یاریزانانی تایبەت بەخۆی هەیە، هەروەها پێدانی مووچەی پێویست بۆ ئەوەی ئەو یاریزانانە لە نێوخۆی وڵاتدا یاریی بکەن، وەک ئەوەی میسر دەیکات، تاوەکو دواتر درەوشانەوەیان لە نێوخۆدا، ببێتە هۆکار بۆ چوونیان بەرەو دەرەوەی وڵاتەکە.
لە نێو خێراترین 16 ئابووریی جیهان لە ساڵی 2024، شانزە وڵاتی ئەفریقی بوونیان هەیە. مەغریب کە هەڵکەوتەیەکی ستراتیجیی گرنگی لەسەر دەریای نێوەڕاست هەیە، لە دۆخێکدایە دەتوانێت رکابەریی هێزە گەورەکانی ناوچەکە بکات، وەک میسر کە خاوەنی نۆکەندی سوێسە.
چادویک دەڵێ، "مەغریب وڵاتێکی دەوڵەمەند نییە، بەڵام جوگرافیا و سەرچاوەی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی توانای ئابووریی خۆی بەهێز بکات و لە سیاسەتدا بەرەو پێش بچێت. ئەمەش بەپلەی یەکەم بۆ بوونی 70 لەسەدی یەدەگی فۆسفات لە جیهاندا لە مەغریب دەگەڕێتەوە کە لە چەندین بواری پیشەسازیی جیاوازدا سوودی لێوەردەگیرێت.
فۆسفاتەکەی مەغریب لەلایەن گرووپی 'ئۆ سی پی' سەرپەرشتی دەکرێت کە موڵکەی دەوڵەتە و بەشی زۆری دەستی کاری لەدەستدایە.
'ئۆ پی سی' هاوینی رابردوو هاوبەشییەکی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب، لەگەڵ ژمارەیەک وەبەرهێنی کەرتی تایبەت راگەیاند بۆ دروستکردنی 'سندووقی تایبەت بەپیشەگەرکردنی سەنتەرەکانی مەشقدان و پەرەپێدانی بەهرەمەندانی تۆپی پێ'.
لەبەرئەوەی مەغریب یەکێکە لە وڵاتانی میوانداریکەری مۆندیالی 2030، خەرجییەکانی بۆ مۆندیال، کەمتر دەبێت لەوەی کە پێویست بوو بیکات ئەگەر خۆی بەتەنیا میوانداریی پاڵەوانێتییەکەی بکردایە، بەڵام داهاتەکانی هەمان داهات دەبێت.
دوایینجار کە مۆندیال لەسەر خاکی ئەفریقا ئەنجامدرا، باشووری ئەفریقا ناچاربوو چەندین یاریگەی نوێ دروست بکات و بەتێچووی گەورە یاریگە کۆنەکانی نۆژەن بکاتەوە، پاشانیش هەندێک لەو یاریگایانە بەچۆڵی مانەوە دوای مۆندیالەکە. بەڵام مەغریب متمانەی ئەوەی بەخۆی هەیە کە رووبەڕووی هەمان چارەنووس نابێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو پێشکەوتنەی لە دەیەی رابردوودا لە تۆپی پێدا بەخۆوەی بینیوە، هەروەها ئەو گەلویستییەی یارییەکە لە وڵاتەکەدا هەیەتی و دڵخوازترین یارییە لەسەر ئاستی هەموو وڵاتەکە.
مەغریب ئێستا پلانەکانی بیناسازیی خۆی خێراتر کردووە، لەپێناو تەواوکردنی یاریگەی 'گەورەی حەسەنی دووەم و لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی ئەفریقا لە ماوەی رابردوودا، زۆرینەی ئامادەبووان و رۆژنامەڤانانیش پێیانوابوو کە ئەو یاریگەیە، یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030 تێدا ئەنجام دەدرێت و لە پێشترە لە هەردوو یاریگە گەورەکەی ئیسپانیا، سانتیاگۆ بێرنابیۆ و نوکامپ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ