رووداو هەولێر
هەڵبژاردەی مەلەوانیی عێراق، لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتووان بەشداری پاڵەوانێتیی مەلەوانی وڵاتانی عەرەب لە قەتەر دەکات و چاوی لە ئەنجامێکی گەورەیە.
ئەم تیپە لە شەش یاریزان و دوو راهێنەر پێکهاتووە، مانگێکە لەنێو راهێناندان بۆ یارییەکانی وڵاتانی عەرەب کە دەی ئەم مانگە لە دەوحە یارییەکانی دەستپێدەکەن و هەفتەیەک دەخایەنێت، فیدراسیۆنی مەلەوانی عێراق بەمەبەستی بەهێزکردنی یاریزانانی کەمپێکی دوو هەفتەیی لە شاری هەولێر کردووەتەوە.
جەعفەر غەزال، سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی مەلەوانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند " فیدراسیۆنی مەلەوانی عێراق کەمپێکی راهێنانی لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردەی عێراق کردووەتەوە، ئامادەکاریمان بۆ پاڵەوانێتیی عەرەبییە لە قەتەر لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتووان".
عەلی فەرید، تەمەن شازدە ساڵ، ئەستێرەیەکی نوێی هەڵبژاردەی مەلەوانی عێراقە، بەر لە مانگێک میدالیای زێڕی پاڵەوانێتی دوبەی نێودەوڵەتی لەملکرا، ئەم یاریزانە هیوایەکی گەورەی تیپەکەیە بۆ بردنەوەی میدالیای زێڕی عەرەبی.
عەلی فەرید، یاریزانی لاوی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ رووداوی روونکردەوە "بێگومان من میدالیای زێڕم لە پاڵەوانێتیی دوبەی، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکاریم لە کەمپی راهێنان بۆ پاڵەوانێتی عەرەب لە قەتەر دەمەوێت دڵی هاندەران و خەڵکی عێراق خۆش بکەم".
یاریزانی کورد لە ریزی تیپەکەدا بوونی نییە، یەکێتیی مەلەوانی هەولێر نیگەرانە و فەرامۆشکردنیان بەهۆکار دەزانن.
خاڵس ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتی مەلەوانی هەولێر خەختی لەسەر ئەوە کردەوە " یاریزانانمان بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق لە شاری بەغدا ئامادەکردبوو، بەڵام بەداخەوە ئەوان کارەکەیان ئەنجامدا و ئێمەیان ئاگادار نەکردەوە و لە سۆشیال میدیا زانیمان هەڵبژاردەی عێراقیان دیاریکردووە، ئەمە هۆکاری سەرەکییە و ئێمە یاریزانی باشمان هەن کە شایستەی هەڵبژاردەی عێراقن".
فیدراسیۆنی مەلەوانی عێراق لە 1959 دامەزراوە بارەگای سەرەکی لە شاری بەغدایە و سەرپەرشتی خول و پاڵەوانێتییەکان دەکات، عێراق لە مێژووی خۆیدا خاوەن یەک میدالیای زێڕی پاڵەوانێتی عەرەبە، کە لایەن محەممەد ساحب لە 2022 لە دوبەی بەدەستیهێنا، ئەمساڵ مەلەوانانی عێراق دەیانەوێت دەسکەوتە زێڕینەکانیان زیاد بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ