ئاستۆن ڤێلا بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ راشفۆرد راگەیاند

03-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی پرێمەرلیگ مارکۆس راشفۆرد یانەی ئاستۆن ڤێلا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئاستۆن ڤێلا بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ مارکۆس راشفۆردی هێرشبەری ئینگلیزی بەشێوەی خواستن تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ راگەیاند.
 
ئاستۆن ڤێلا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا ئاشکرایکرد، راشفۆرد بەشێوەی خواستن پەیوەندی بەیانەکەوە کردووە و تاوەکو هاوینی داهاتوو لەگەڵی بەردەوام دەبێت.
 
لە هەمان کاتدا، یانەی مانچێستەر یونایتد لە بڵاوکراوەیەکدا دووپاتیکردەوە کە راشفۆرد لە ئۆڵدترافۆرد رۆیشتووە تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ.
 
چوونە دەرەوەی راشفۆردی 27 ساڵ لە مانچێستەر یونایتد، پاش تێکچوونی پەیوەندی نێوان ئەو یاریزانە و رۆبین ئامۆریمی راهێنەری یانەکە هات، پاش چەند رۆژێکی کەم لەدەستبەکاربوونی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لە مەشقدانی یانە ئینگلیزییەکە.
 
راشفۆرد لە وەرزی ئەمساڵدا تەنیا 24 یاریی بۆ مانچێستەر یونایتد ئەنجامدا و تەنیا حەوت گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکرد.
 
لەماوەی رابردوودا، رۆبین ئامۆریم لە چەندین یاریی یانەکەدا، راشفۆردی لەسەر کورسیی یەدەگ دانیشاند و دواتر ئاشکرایکرد ئەو یاریزانە لە مەشقەکاندا بەدروستی کارناکات.
 
دوایین دەرکەوتنی راشفۆرد بەدرێسی مان یونایتدەوە لە مانگی دوازدەی ساڵی رابردوودا بوو، کاتێک بەشداری لە سەرکەوتنی تیپەکە بەسەر ڤیکتۆریا پڵزن لە خولی ئەورووپی کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە