رووداو هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئاشکرایکرد کە کوێت بەشێوەیەکی فەرمی رەزامەندی لەسەر چوونی 5 هەزار هاندەری عێراق بۆ نێو خاکی کوێت داوە، بۆ ئامادەبوون لە یاری هەڵبژاردەی کوێت و هەڵبژاردەی عێراق.
لە چەند رۆژی رابردوودا پرسی گەرمی شەقامیی وەرزشی و میدیاکانی عێراق رێگرییەکانی وڵاتی کوێت لە هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق بوو، دۆخەکان باش نەبوون بەشێوەیەکی فەرمی ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرە رایگەیاند، ئەگەر رێگری لە هاندەرانی عێراق بکرێت هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر هاندەرانی کوێت دەبێت.
سەرەتا وڵاتی کوێت رەزامەندی لەسەر چوونی 200 هاندەری عێراق دا، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و باڵێوزخانەی کوێت لە عێراق بەردەوام لە گفتوگۆدا بوون، دواجار ئەمڕۆ دووشەممە کوێت رەزامەندی لەسەر چوونی 5000 هاندەر بۆ نێو وڵاتەکەی لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری عێراق و کوێت دا.
بەدر ناسڕ، سەرۆکی لقی بەسرەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند" خۆشحاڵین کە رەزامەندی ئامادەبوونی 5000 هاندەر لە وڵاتی کوێت وەربگرین لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری نێوان هەڵبژاردەکەمان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە لە رۆژی 10ـی ئەم مانگە".
هەڵبژاردەی عێراق بەر لە چوونە نێو یارییەکانی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026 لەنێو کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری لە قەتەر بوو، تیپەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە گەڕایەوە شاری بەسرە و بڕیارە درێژە بە ئامادەکارییەکانی بدات.
رۆژی پێنجشەممە هەڵبژاردەی عێراق لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لەنێو یاریگەی بەسرە میوانداری هەڵبژاردەی عومان دەکات، هەڵمەتێکی گەورەی میدیایی لەسەر ئاستی عێراق لەژێر دروشمی "بەرەو مۆندیال" بۆ پشتگیریی تیپەکە و هاندانی یاریزانان دەستیپێکردووە.
شاری بەسرە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی کوێت، لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی کەنداوی 25 لە بەسرە، حکومەتی عێراق بەبێ ڤیزا رێگای بە هاندەرانی کوێت دا بێنە عێراق و لە یارییەکانی جامی کەنداو ئامادەبن.
هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی عومان، کوێت، ئوردن، فەڵەستین لەگەڵ کۆریای باشوور دەکات.
بڕیارە دیسکی وەرزشیی رووداو لە رێگای نێردراوی لە شاری بەسرە رووماڵێکی فراوان لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی هەڵبژاردەی عێراق و عومان بکات.
حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی حکومەتی عومانی ئاگادارکردووەتەوە کە رەزامەندی هاتنە ژوورەوە بەبێ بەرامبەر دەداتە هاندەرانی هەڵبژاردەی عومان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ