رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر ئەو چوار گۆڵە دەربڕی کە لە تیپەکەی کرا، لە یاریی بەرامبەر ریال سۆسیێداد و دووپاتیکردەوە ناوبژیوان دووجار ناهەقیی بەرامبەر یانەکەی کردووە.
ریال مەدرید گەیشتە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، پاش یەکسانبوونی لەگەڵ سۆسیێداد 4 - 4 گۆڵ. ریال سوودی لەسەرکەوتنی لە یاریی چوون بەگۆڵێکی بێبەرامبەر وەرگرت.
ریال مەدرید، لە یاریی کۆتایی جامی شا، چاوەڕێی یانەی سەرکەوتوو لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید دەکات کە ئەمشەو رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
ئەنچێلۆتی لە لێدوانی رۆژنامەڤانیی پاش یارییەکە گوتی، "یارییەکی سەرنجڕاکێش و قورس بوو، بەڵام ئێمە سەرکەوتووبووین لە گەیشتن بەکۆتایی و ئەوەش گرنگترین شتە. ماوەمان نییە بۆ بیرکردنەوە و ئەوەمان کرد کە دەبوو بیکەین".
ئەو هەروەها گوتی، "دوای ئەنجامدانی 50 یاریی لە وەرزی ئەمساڵدا، تیپەکەمان لە دۆخێکی باشدایە، یاریزانە یەدەگەکانمان چوونە نێو یارییەکە و بەهێز دەرکەوتن، لە کاتێکدا یاریزانانی دیکەی وەک رۆدریگۆ و بێلینگهام خۆگرتنیان تاوەکو کۆتایی پێشاندا. یارییەکەمان باشتر لە ریال سۆسیێداد کۆتایی پێهێنا".
ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە هەروەها دەڵێ، "هیچ کات هەستم بەوەنەکرد هەڕەشەی دەرکردنمان لەسەربێت، کاتێک بەئەنجام لە دواوەبووین، خۆمان بەدەستەوەنەدا، کەشوهەوای یاریگەکەمان هێزی زۆری پێبەخشین، هەر ئەوەش وامان لێدەکات تاوەکو کۆتایی بجەنگین".
راهێنەری ریال مەدرید هەروەها دەڵێ، "بەبڕوای من ئەو یاریزانەی لە ڤینیسیۆسی دا، دەبوو کارتی سوور وەربگرێت، بەڵام ناوبژیوان بۆچوونێکی دیکەی هەبوو. هەرچی ئەو لێدانی سزایەبوو کە دەبوو بۆ بێلینگهام بگیرێت، دەکرا ناوبژیوان بڕیاری لەبارەوە بدات، لەبەرئەوەی پێموابوو هەڵەکە زۆر زەق بوو".
ئەنچێلۆتی، لەبارەی ئەو رەخنانەی ئاراستەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر کران، دەڵێ، ئەوە پاڵنەربوو بۆی تاوەکو ئاستی باشتر پێشکێش بکات، ئەو یەکلاکەرەوەبوو لە یارییەکەدا، لە یەکێک لە هەوڵەکانی ئەوەوە ئەنجامەکەمان کردە 2 - 3 گۆڵ، ئەو یارییەکی نایابی کرد، یەکێکبوو لە کلیلەکانی بردنەوەی یارییەکە.
راهێنەری ریال مەدرید هەروەها دەڵێ، چوار گۆڵمان لێکرا و ئەوەش ناسرووشتی بوو، ئێمە تیپێکین خاوەنی هێزێکی هێرشبەریی گەورەین، بەڵام پێویستمان بە هاوسەنگییە، چونکە تۆماکردنی چوار گۆڵ لە تیپێکی وەک سۆسیێداد، کارێکی ئاسان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ