کارلۆ ئەنچیلۆتی: دەبێ وەک ئەسپ مامەڵە لەگەڵ یاریزاناندا بکەیت

09-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشکرایکردووە ئەو هەموو کات ئارام و لەسەرخۆ نییە، دەڵێ هەندێکجار بەهۆی تووڕەییەوە شێت دەبم. باسی لەوەش کردووە چۆن کاردەکات بۆ ئەوەی یاریزانان باشترین ئاستی خۆیان پێشکێش بکەن، بابەتەکەی بەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەسپ چوواندووە.
 
ئەنچیلۆتی لە دیبەیتێکدا تیشکی خستووەتە سەر بەشێک لە ژیان و تێڕوانینی خۆی بۆ تۆپی پێ، وەک راهێنەر و مرۆڤ، ئەو هۆکارەکانی سەرکەوتنی خۆی لە کارەکەیدا روونکردووەتەوە.
 
لەبارەی زەحمەتییەکانی کارکردنەوە وەک راهێنەر، ئەو دەڵێ، "هەموو رۆژێک رووبەڕووی زەحمەتی دەبمەوە. راهێنەرایەتی کارێکە پڕ لە دەسەڵات و بەرپرسیارێتی. دەتوانم کاتی مەشقکردنی یاریزانەکان دیاریی بکەم، هەروەها بڕیار بدەم کێ یارییدەکات و کێ یاریی ناکات، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو کارەکە بریتییە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، ئەمە گرنگترین شتی کارەکەیە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەندێکجار لە یاریزانێک دەپرسم تۆ کێیت؟ ئەو لە وەڵامدا دەلێ، من یاریزانم، بەڵام من پێیدەڵێم نەخێر، تۆ کەسێکی کە یاریی تۆپی پێ دەکات".
 
راهێنەری ریال مەدرید هەروەها دەڵێ، "هەوڵدەدەم لەسەر ئاستی کەسێتی و پیشەیی پەیوەندی دروست بکەم، چونکە پێموایە بەو رێگەیە دەتوانیت باشترین ئاستی یاریزان بەدەست بهێنیت".
 
تۆ هەموو شت نازانیت
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی کە کاروانێکی گەورەی لە دونیای راهێنەرایەتیدا هەیە و لە یانەکانی هەر پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا راهێنەرایەتی کردووە، لەبارەی راستگۆیی لەگەڵ یاریزانان دووپاتیدەکاتەوە کە ئەوە گرنگترین شتە، هەروەها دەڵێ، "رازیکردن لە فەرمانکردن زۆر گرنگترە. سەرکردە دەبێ توانای گوێگرتن لەوانیدیکەی هەبێت، چونکە هاوکارەکانت هەمووان دەتوانن بیرۆکەی نوێت بدەنێ کە هاوکارت دەبێت. زۆر گرنگە گوێبگریت، پێتوانەبێت کە تۆ هەموو شت دەزانیت، لەبەرئەوەی تۆ گەورەی هەمووانیت".
 
لەبارەی ئارامییە هەمیشەییەکەیەوە لەسەر هێڵی یاریگە، ئەنچیلۆتی دەڵێ، "هەموو کات لەسەر کورسیی یەدەگ دەبێ پۆزەتیڤ و گەشبین بیت، دەبێ قسە لەگەڵ یاریزانان بکەیت و هانیان بدەیت. ئەوە راست نییە کە من هەموو کات ئارام و لەسەرخۆم، راستە دەگمەن روودەدات تووڕە ببم، بەڵام کاتێک توورە دەبم، شێت دەبم".
 
راهێنەرەکەی پێشووی، پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بایرن میونشنی ئەڵمانی، میلانی ئیتاڵی و چێڵسی ئینگلیزی فەلسەفەی مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانان بە فەلسەفەی مامەڵە لەگەڵ ئەسپ رووندەکاتەوە، ئەو دەڵێ، "دوو رێگەی جیاواز هەیە بۆ ئەوەی ئەسپێک رازی بکەیت باز بدات، بەلێدان یان بەهاندان، خۆت دەبێ بڕیار بدەیت کام رێگەیە هەڵدەبژێریت. چونکە ئەگەر بەقامچی لێتدا، دەکرێ لەبری ئەوەی بەقسەت بکات و باز بدات، بەپشتدا هەڵبگەڕێتەوە و فڕێت بدات، بەڵام هانتدا بۆ بازدان، ئەوکات هاوکارت دەبێت و بازەکە دەدات".
 
کارلۆ هەروەها پێشبینیدەکات بۆ ماوەیەکی زۆری دیکە لە کارکردن وەک راهێنەر بەردەوام بێت، ئەو دەڵێ، "بەردەوام دەبم تاوەکو ئاگرت تۆپی پێ لە ناخمدا دەکوژێتەوە".
 
تاوەکو کۆتایی رکابەردەبین
 
راهێنەری ریال مەدرید کە لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا لەگەڵ تیپەکەی رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە لە ئەنجامدا و لە چوار یاریدا دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە، باسی لە کێشەکانی تیپەکەی کردووە، بەتایبەت لە هاوئاهەنگی نێوان یاریزانان، ئەو دەڵێ، "ریال مەدرید هەموو کات داواکاریی گەورەی هەیە، چونکە گەورەترین یانەی جیهانە. هەموو کات باشترین یاریزانی هەیە، لەبەرئەوە دەبێ توانای ئەوەت هەبێت کوالیتی و لێهاتووییان بخەیتە خزمەتی تیپەکەوە، منیش هەموو وەرزێک هەمان کاردەکەم".
 
لەبارەی ئەمساڵەوە، کارلۆ دەڵێ، "یاریزانە نوێیەکانی وەک کیلیان و ئیندریک باش گونجاون. وەرزێکی ناوازەمان دەبێت لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا. راستە بردنەوە ئاڵۆزە، بەڵام ئەرکی ئێمە کە لە هەموو یارییەکدا رکابەریی بکەین، چونکە ئەوە ویستی یانەکەیە هەموو کات".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئامانجە سەرەکییەکە بریتییە لە خۆبەدەستەوەنەدان و بەردەوامبوون تاوەکو کۆتایی، ئەمە ئەو ئەرکەیە کە دەبێ لە کاتی پۆشینی درێسی ریال مەدریددا، جێبەجێی بکەیت".
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی وەرزی رابردوو نازناوەکانی، لالیگا، چامپیۆنزلیگ و سوپەری ئەوروپای لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێنا و بەربژێرە بۆ بردنەوەی نازناوی باشترین راهێنەری ساڵ لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسییەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە