ئەنچیلۆتی پلانی خۆی دەگۆڕێت و هێرشبەرێک دەکاتە قوربانیی

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا یانەی ریال مەدرید کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بڕیاریداوە گۆڕانکاریی تەکتیکی لە شێوازی یاریکردنی یانەکەیدا بکات، پاشئەوەی سەرەتایەکی باشی لە وەرزی ئەمساڵدا نەبوو.
 
ریال مەدرید لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانەوەی نازناوی لالیگادا، چوار خاڵی لەدەستدا و ئێستا لە پلەی دووەمی خولەکەیە لە پاش بارسێلۆناوە کە 15 خاڵی لە یەکەم پێنج گەڕدا بەدەستهێناوە.
 
ریال مەدرید کە دەبێ بەرگری لە نازناوی چامپیۆنزلیگیش بکات، کاروانەکەی خۆی لە پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەیدا بەئاستێکی مام ناوەندەوە بەرامبەر شتوتگارتی ئەڵمانی دەستپێکرد، کاتێک تا خولەکەکانی کۆتایی لەگەڵ ئەو یانەیە یەکسانبوو، بەرلەوەی دوو گۆڵی درەنگوەختە بکات و یارییەکە بباتەوە.
 
ئاستی خراپی ریال مەدرید لە یارییەکەی شتوتگارتدا، وایکرد دانی کارڤاخالی کاپتنی تیپەکە داوای لێبوردن لە هاندەرانی نێو یاریگەی سانتیاگۆ بیرنابیۆ بکات.
 
یاریزانێکی دیکە لە ناوەڕاست
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە ئەنچیلۆتی بڕیاریداوە بگەڕێتەوە بۆ پلانی یارییکردنی 4 - 4 - 2 کە وەرزی رابردوو تیپەکە یاریی پێوە کرد و رێگەی خۆشکرد بۆ جود بێلینگهامی ئەستێرەی ناوەڕاست بدرەوشێتەوە و ژمارەیەکی زۆری گۆڵ تۆمار بکات.
 
هاوسەنگیی نێوان هێڵەکانی ریال مەدرید بەهاتنی کیلیان ئێمباپێ و پشتبەستن بەسێ هێرشبەر لە هێڵی پێشەوە و سێ ناوەراستکار، تێکچووە و ریال مەدرید لەسەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزەیدا نەیتوانیوە ئاستێکی دڵخۆشکەر پێشان بدات.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی لە چەندین کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا دانیبەوەداناوە کە تیپەکەی باش یاریی ناکات و بەڵێنیداوە چارەسەری کێشە بکات.
 
پلانی یارییکردنی 4 - 3 - 3 ناهاوسەنگیی دروستکردووە و هێڵی بەرگریی تیپەکەی لاوازکردووە. لە یارییەکەی شتوتگارتدا چەندینجار کارلۆ ئەنچیلۆتی دەرکەوت کە داوای لە هێرشبەرەکانی دەکرد بۆ هاوکاریی ناوەڕاستکاران بگەڕێنەوە دواوە.
 
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، ئەنچیلۆتی بڕیاریداوە بۆ دروستکردنەوەی هاوسەنگیی لە تیپەکەدا، بەشێوەیەکی کاتی پەنا بۆ پلانی یارییکردن بەچوار ناوەڕاستکار ببات، کە وەرزی رابردووش یاریی پێکردووە، چونکە ئەو شێوازە هاوسەنگیی زیاتر بە ناوەڕاست و بەرگریی تیپەکە دەدات.
 
بەپێی رۆژنامەکە، پلانەکەی ئەنچیلۆتی بۆ ئەو یارییانە دەبێت کە هێڵی بەرگری تیپی بەرامبەر تێیدا بەهێزە، وەک یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا هەردوو یانە کۆبکاتەوە.
 
بەپێی پلانە نوێیەکە، لە پێکهاتەی ریال مەدریددا هێرشبەرێک دەبێتە قوربانی و ناوەڕاستکارێک شوێنی دەگرێتەوە و پێشبینیکراوە قوربانییەکە رۆدریگۆ بێت، لە کاتێکدا ئێمباپێ و ڤینیسیۆس هەر هێرشبەری سەرەکیی تیپەکە دەبن.
 
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ئەنچیلۆتی و یاریدەدەرەکانی شرۆڤەیان بۆ یارییەکەی شتوتگارت کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە هێڵی هێرشبەری تیپەکە باشتربووە و گەشی کردووە لە ئاستی خێرایی و گواستنەوەی تۆپ و گوشار خستنە سەر تیپی بەرامبەر.
 
وێڕای ئەوەش، هێشتا گومان لەوە هەیە تیپەکە لە رووی بەرگرییەوە بەئاسانی دۆخی باش ببێتەوە، ئەوەش کارێکە هەمووانی نیگەرانکردووە، چونکە یاریزانانی تیپی بەرامبەر، بەئاسانی دەگەنە ناوچەی سزای ریال مەدرید.
 
بەپێی سەرچاوەکان، یاریی داهاتووی ریال مەدرید، بەرامبەر ئیسپانیۆل لە لالیگا، گۆڕانکاری لە شێوازی یارییکردنی تیپەکەدا بەخۆوە دەبینێت و تاقیکردنەوەی گەڕانەوە بۆ یارییکردن بەدوو هێرشبەری تێدا جێبەجێ دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە