رووداو دیجیتاڵ
یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر کە لە کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تۆپی پێی تورکیا یاری دەکات، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەرووی یانەی ئوشاکسپۆر دەبێتەوە.
یارییەکە کاژێر 16:00ـی دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە یاریگەی ئوشاکسپۆر لە شاری ئوشاکی تورکیا دەستپێدەکات.
دەستەی ئاسایشی وەرزشی پارێزگای ئوشاک رۆژی شەممە، 30ـی ئەیلولی 2023، رایگەیاند، بۆ یارییەکەی ئوشاکسپۆر و ئامەدسپۆر، ئامادەبوونی هاندەرانی ئامەدسپۆر لە نێو یاریگە قەدەخەکراوە.
یانەی ئامەدسپۆر هەمان رۆژ لە هەژماری فەرمی خۆی رایگەیاند، "یاریی ئوشاکسپۆر کە رۆژی یەکشەممە کاژێر 16:00 لە دەرەوەی یاریگەکەمان ئەنجامی دەدەین، لە کاتێکدایە کە قەدەخەکردنی ئامادەبوونی هاندەرانمان بەردەوامە. سوپاس بۆ ئەو دەستپێشخەریانەکە کارگێڕیی یانەکەمان کردوویانە بۆ ئەوەی هاندەرانمان لە رێگەی لینکی http://youtube.com/amdskofficial بتوانن سەیری یارییەکە بکەن".
ئامەدسپۆرکە بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پێنج یاریدا بووەتە پێشەنگ؛ ئامانجەکەی بەدەستهێنانی سێ خاڵە لە یارییەکەی ئەمڕۆدا.
یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر کە زۆربەی یاریزانەکانی کوردن، ساڵانێکە لە چەند پارێزگایەکی تورکیا رووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی دەبێتەوە؛ لە ئایاری ئەمساڵدا قەدەخەکردنی ئامادەبوونی هاندەرانی لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگای ئامەد هەڵگیرا.
هاندەرانی ئەو یانەیەی باکووری کوردستان ماوەی حەوت ساڵ بوو مافی ئەوەیان نەبوو لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی یانەکە پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن، سەرباری هەڵگرتنی قەدەخەکە، بەهۆی گوشاری هاندەرانی یانەکانی بەرامبەریان، تائێستاش لە شارەکانی تورکیا رووبەڕووی رێگری دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ