پاڵەوانێتییەکی بالە لە دەڤەری بارزان دەستیپێکرد

01-04-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن پاڵەوانێتیی بالەی بارزانی نەمر
A+ A-
رووداو هەولێر 

پاڵەوانێتیی بالەی بارزانی نەمر بە بەشداری 12 تیپی سنووری دەڤەری بارزان دەستیپێکرد و یارییەکانی بەردەوامن.
 
یارییەکان بەشێوازی یەک دۆڕان بەڕێوەدەچن، ژمارەیەک خۆبەخش رۆژانە کارەکانی ناوبژیوانی، کارگێڕیی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەدەبەن. 
 
یەعقووب حەسکۆ، سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتیی بالەی بارزانی نەمر، لە لێدوانێکی بۆ رووداو، رایگەیاند "ئەم پاڵەوانێتییە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، لەبەرئەوەی پێشتر ژمارەیەکی زۆر خولی تۆپی پێ لە دەڤەری بارزان سازکرا، هەوادارانی یاریی بالە داوای یاریکردن و کێبرکێی بالەیان کرد، ئێمەش بەو کارە هەستاین و رۆژانە دڵخۆشیی یاریزانە بەشدارەکان دەبینم". 
 
لە دەڤەری بارزان یانەی هەڵۆ تاکە یانەی وەرزشییە، ئەم یانەیە تەنیا یاریگەی تۆپی پێی هەیە و بایەخی پێدەدات و ساڵانە بەشداری خولەکانی کوردستان دەکات، لەو دەڤەرە هیچ هۆڵێکی داخراو یان ژێرخانێکی وا نییە کە یارییەکانی بالە و باسکەی تێدا بەڕێوەبچن. 
 
حەسکۆ، زیاتر روونیکردەوە "یارییەکان لەسەر خۆڵ ئەنجامدەدرێن، بەڵام ئێمە لەم سنوورە یادگاری خۆشمان لە رابردوو هەیە بە یاریکردن لەسەر خۆڵ، نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی هاوکارییەکی زۆری کردووین، ئەگەر بایەخمان پێبدرێت دەتوانین کاری گەورە بکەین و وەرزشوانی ئاستبەرز لەم سنوورە پێدەگەیێنرێت".
 
رۆژانە دوو یاری لە پاڵەوانێتیی بالەی بارزانی نەمر بەڕێودەچن، یارییەکانیش بەشێوازی یەک دۆڕانە و پازدە رۆژ دەخایەنێت، هەر تیپێک بە 12 یاریزان بەشدارە و دەبێت یاریزانەکان تەمەنیان لە سەرووی 17 ساڵ بێت. 
 
پێشتر دەڤەری بارزان میوانداریی 2 پاڵەوانێتیی شەترەنجی نێودەوڵەتی بارزانی نەمری کردووە کە لە گوندی رێزان یارییەکانی بە ئامادەبوونی سەرۆکی فیدراسیۆنی شەترەنجی عێراق و جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی ئاسیا بەڕێوەچوونە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە