رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشكرای دەکات، تەنیا لە ساڵێکدا زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵ بەهۆی تووشبوونیان بە هەوکردنەوە گیانیان لەدەستداوە کە بەهێزبوونی بەکتریاکان هۆکار بووە.
لەنێو توێژینەوەکە ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بانکی ئاماری جیهانی بەکارهاتوو کە لە ساڵی 2022 دا زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵ بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکان دژی دەرمانە دژەبەکتریاکانەوە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات منداڵانی ئەفریقا و ئاسیا زۆرترین قوربانییەکان بوون.
پسپۆڕان هەڵەبەکارهێنانی دەرمان بە رێگەی هەرە سەرەکی بۆ بەهێزبوونی بەکتریاکان دادەنێن و یانهۆنگ جێسیکا، پڕۆفیسۆری نەخۆشییەکانی منداڵان لە ئوسترالیا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''بەراورد بە ماوەی پێش کۆڤید-19 رێژەکە 10 هێندە زیادبووە، چونکە خەڵک بە هەڵە دەرمانەکانی دژەبەکتریای بەکارهێناوە.''
ئەو توێژینەوەیە دەریدەخات، لەنێوان ساڵانی 2019 تاوەکو 2022 لە ئاسیا ٪160 و لە ئەفریقا ٪126 رێژەی بەکارهێنانی دەرمانە دژەبەکتریاییەکان زیادبووە بەتایبەت لەنێو منداڵانی خوار 10 ساڵان و بە تایبەتتریش لەنێو خوار پێنج ساڵان.
پڕۆفیسۆر هێرب هاروێڵ، سەرپەرشتیارێکی دیکەی توێژینەوەکەیە، دەڵێت: ''کوتان، دابینکردنی سەرچاوەی ئاو و خۆراکی خاوێن و پاکوخاوێنی باشترین رێگەی رێگرین لە هەوکردنەکان بۆ ئەوەی هیچ دەرمانێکی دژەزیندەیی 'ئەنتیبایۆتیک' بەکارنەیەن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ