پسپۆڕێکی ڤێتێرنەری: بودجەی تایبەت بۆ شووشتنەوەی ئاژەڵان تەرخان بکرێت

17-04-2025
شکار رێبوار
د. ئەحمەد ئیبراهیم، پسپۆڕی پزیشکیی ڤێتێرنەری و مایکرۆبایۆلۆژی
د. ئەحمەد ئیبراهیم، پسپۆڕی پزیشکیی ڤێتێرنەری و مایکرۆبایۆلۆژی
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی پزیشکیی ڤێتێرنەری و مایکرۆبایۆلۆژی رایدەگەیێنێت، لەم وەرزەدا وەزارەتی کشتوکاڵ بودجەی تایبەت بۆ شووشتنەوەی ئاژەڵەکان تەرخان بکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-4-2025 د. ئەحمەد ئیبراهیم، پسپۆڕی پزیشکیی ڤێتێرنەری و مایکرۆبایۆلۆژی کە راگری کۆلێژی پزیشکیی ڤێتێرنەریی زانکۆی سەڵاحەدینە بە رووداوی راگەیاند، پێویستە شووشتنەوە بۆ ئاژەڵان بکرێت، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە بڵاوبوونەوەی گەنە و تووشبوون بە حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون.
 
د. ئەحمەد ئیبراهیم دەڵێت: ئاژەڵان هیچ نیشانەیەکیان پێوە دیار نییە کە دیار بێت تووشی تای خوێنبەربوون بوون یاخود نا، بەڵام هەر ئاژەڵێک شوێنی پیس بێت و گەنەی لەسەر بێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەکە زۆرە.
 
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، کەمکردنەوەی گەنەکان بە شووشتنەوەی ئاژەڵەکان و پاکژکردنەوەی شوێنەکانیان رێگەی کاریگەرن بۆ پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون.
 
دوێنێ شەو، لە کەرکووک کەسێک بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا. {زیاتر بزانە}.
 
تای خوێنبەربوون چۆن دەگوازرێتەوە؟
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە رێگەکانی گواستنەوە بریتین لە:
 
+ لەکاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
+لەکاتی کوشتنی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
+لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
+لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
+خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
+بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
+بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
 
بۆچی تای خوێنبەربوون مەترسیدارە؟
 
تای خوێنبەربوون زیان بە موولوولە تەنکەکانی خوێن دەگەیێنێت و دووچاری خوێنبەربوونیان دەکات، هەر ڤایرۆسەکە ئاستەنگ لەبەردەم خوێن مەیاندن دروستدەکات، لەئەنجامدا خوێنبەربوونی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروستدەکات.
 
نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:
 
تا
شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی
سەرسووڕان
ئازاری ماسوولکە، ئێسک یاخود جومگەکان
هێڵنج و رشانەوە
سکچوون
 
ئەو نیشانانەی کە مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکەن:
 
خوێنبەربوونی ژێر پێست یاخود ئۆرگانە ناوخۆییەکان یاخود لە دەم، گوێ و چاو.
لەکارکەوتنی سیستمی دەمار
کۆما
سستبوونی گورچیلە
ناکارابوونی کۆئەندامی هەناسەدان
ناکارابوونی جگەر
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە