رەنگە باشترین پرسیار ئێستا لە خۆمانى بکەین ئەوە بێت "ئایا کورد دەتوانێت بە هەڵبژاردن کەرکووک وەرگرێتەوە؟" یان ئەگەر بەشێوەیەکى فراوانتر بپرسین "ئایا لە عێراقدا دەرفەتى ئەوەیە هەیە، کورد بە پەنابردنە بەر زۆرینە و کەمینە، یان بە دیموکراسییەت و رێکارە دەستووری و یاساییەکان کێشەى کەرکووک چارەسەر بکات؟" بە تێگەیشتنى من، نەخێر. بەڵام ئەوەى بۆ کورد مەترسیدارە ئەوەیە؛ عێراق بە هەڵبژاردن و پەنابردنە بەر دیموکراسیەتى رووکەش و رێکارە دەستووری و یاساییەکان، بە زۆرینە و کەمینە، کێشەى کەرکووک ئاڵۆزتر بکات.
لە بنەڕەتى دروستبوونى کێشەى کەرکووکەوە، هەر لەو چرکە ساتەوەى براوەکانى جەنگى یەکەمى جیهانى بڕیاریاندا جوگرافیاى ژێر قەڵەمڕەویى خەلافەتى عوسمانى پارچەپارچە بکەن و ویلایەتى موسڵیان بە عێراقى عەرەبییەوە لکاند، بەپێى ئامار و سەرژمێریى عوسبەت ئومەم و سەرژمێریى تورک و بەریتانیا و تەنانەت سەرژمێریى عێراقیش، کورد زۆرینە بووە لە کەرکووک. لەو کاتەشەوە سەربارى پیادەکردنى سیاسەتى پاکتاوى رەگەزیى کورد و 85 ساڵ هەوڵى بەردەوامى بەعەرەبکردنى کەرکووک، هەمیشە کورد لە نیوە زیاترى دانیشتووانى شارەکە بووە.
لە دواى رووخانى سەدام و بونیاتنانەوەى عێراقى نوێ، لە 20 ساڵى رابردووشدا هەموو ئەو هەڵبژاردنانەى لە کەرکووک بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا و ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کراون، کورد لە نیوە زیاترى دەنگ و لە نیوە زیاترى کورسییەکانى هێناوە. ئەم سەنگ و قورساییەى کورد، نەبووەتە هۆکار بۆ چارەسەرى کێشەى کەرکووک، بەڵام هۆکار بووە بۆ ئەوەى کەرکووکى لەدەستنەچێت، واتا کێشەکە وەک خۆى ماوەتەوە. ئەوەى لە ئێمەوە دیار نییە، ئەودیوى دیکەیە، کە ئەگەر کورد کەمینە بووایە، ئێستا کێشەکەى چۆن دەبوو؟
ئەمەى ئێستا کورد لە کەرکووک پێى گەیشتووە، ئەو دۆخەیە کە دەبێت کورد بخاتە بەردەم ئەو پرسیارەوە "ئایا داهاتووى کەرکووک چۆن دەبێت کە کورد زۆرینەى لەدەستدا؟" یان دروستتر ئەوەیە بڵێین، نەیتوانى پارێزگارى لەوە بکات؛ نەهێڵێت لە نیوە بێتە خوارەوە. لەکاتێکدا پێشتر لە خراپترین دۆخى کورددا دواى 16ـی ئۆکتۆبەریش (ی. ن. ک.) بەبێ بەشداریکردنى پارتى، توانى دەست بەوەوە بگرێت رێژەى دەنگ و کورسى نوێنەرایەتیی کورد لە نیوە بپارێزێت، بەڵام ئێستا کورد وتەنى "گوێز بە ژمارە، مایەکەى دیارە"، 47٪ـی کورسییەکانى بردووە.
بۆ کەسانێک رووکەشانە نەڕواننە ئەنجامەکە و وردتر لە ژمارە و داتاکان تێبگەن، ئەنجامەکان بۆ کورد شکست و شۆکهێنەرن. بەتایبەت ئەگەر دوو لایەنى ئەو ئەنجامە لەبەرچاو بگرین، یەکەمیان ئەوەیە بەشى هەرە زۆرى ئەو دەنگانەى کورد بەدەستیهێناون دەنگدەرەکانى کەرکووکن لە سلێمانى، چەمچەماڵ، کفرى، کەلار و هەولێر. دووەمیش ئەگەر رێژەى دەنگە بەدەستهاتووەکانى یەکێتى و پارتى کۆبکەینەوە، کەمترە لە رێژەى ئەو مووچەخۆرە کەرکووکییانەى لەنێو هێزى پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس و فەرمانگەکانى حکومەت و هەردوو حیزب مووچە وەردەگرن، واتا لە مووچەخۆرەکانى خۆیان کەمتر دەنگیان هێناوە. ئەمە بۆ داهاتووى کەرکووک مایەى مەترسییە. بەوە نابێت کەسانێک کەیفى دڵیان بەوە بێت، بڵێن "کورد براوەیە."
هەرچەندە هەڵبژاردن نیوەى رێگەکەیە، کورد لە کەرکووک لەنیوەى یەکەمدا سەرکەوتوو نەبوو، نیوەکەى دیکەى بریتییە لە دروستکردنى هاوپەیمانیێتى دواى هەڵبژاردن. بایەخى ئەم قۆناخەیان لە یەکەم گرنگتر نەبێت، کەمتر نییە. بابزانین کورد دەرفەتى ئەوەى هەیە نیوەى دووەم بەرێتەوە؟
بۆ کەسانێک لە عێراق سیاسەت بکەن، سەدر ئەزموونێکى زۆر باشە بۆ پەندلێوەرگرتن. لە زۆربەى هەڵبژاردنەکاندا رەوتى سەدر لە ریزبەندى پێشەوەى لیستە براوەکانە، بە دیاریکراویش لە سێ هەڵبژاردنى یەک لە دواى یەکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق (2014، 2018 و 2021) لیستەکەى سەدر یەکەمى عێراق بووە، واتا نیوەى پرۆسەکە براوە بووە، بەڵام هیچ کات نەیتوانیوە نیوەکەى دووەم بەرێتەوە. هۆکارەکەى زۆر روون و ساکارە؛ کەرەسەى نیوەى یەکەمى پرۆسەکەى لەبەردەستە کە بریتییە لە دەنگدەر، توانیوێتى ئەمەیان بە باشى بەکاربەرێت، بەڵام کەرەستەى نیوەکەى دیکەى کە بریتییە لە دانوستاندن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیێتى، بە باشى بەکارنەهێناوە، بۆیە رەنجى دەنگدەرەکانیشى بەخەسار داوە.
نموونەى دیکەش هەن پێچەوانەى سەدر، لە هەڵبژاردن نەیانتوانیوە زۆرینە بن، بەڵام توانیویانە لە پێکهێنانی هاوپەیمانیێتى دواى هەڵبژاردن، پرۆسەکە بەقازانجى خۆیان بگۆڕن. ئێستا کورد کەوتووەتە بەردەم ئەم تاقیکردنەوەیەوە؛ دەتوانێت لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی دواى هەڵبژاردن چى بچنێتەوە؟
هەرچەندە نوقڵانەیەکى پێشوەختەى خراپە، بەڵام ناتوانم ئومێدى ئەوە بۆ خۆم دروستبکەم، کە کورد لەم تاقیکردنەوەیەشدا سەرکەوتوو دەبێت. بە پلەى یەکەم لەبەر دابەشبوونى کورد بەسەر هەردوو جەمسەرى ناکۆکیى سوننی و شیعى. دووەم، ناکۆکى نێوخۆیى لیستە براوەکانى کورد لە کەرکووک، سێیەمیش لەبەر رەتکردنەوەى ئەم توێژە سیاسییەى کورد لە کەرکووک لەلایەن پێکهاتە سەرەکییەکانى کەرکووکەوە، کە هێشتا سەرکردایەتىی دوو حیزبەکە لە هۆکارى ئەمەیان تێنەگەیشتوون.
هیچ ناڕوونی و شاراوەییەک لەوەدا نەماوەتەوە، کە یەکێتی لەگەڵ جەمسەرى شیعەدایە، پارتیش لەگەڵ سوننە. پرۆسەى سیاسى لە عێراق و تاوەکو ئەندازەیەک لە کوردستانیش گیرۆدەى ئەو دابەشکارییە بووە، ناتوانرێت بە ئاسانى لەو بازنەى ململانێیە بچنە دەرەوە، یان بەهەر هۆکارێک بێت لایەنێکیکان ئاو بکاتە ئاشى لایەکەی دیکەى هاوکێشەکەدا. بۆیە هەر لە هەنگاوى یەکەمەوە، سەختە پارتى و یەکێتى بتوانن ئەوە تێپەڕێنن و لەنێو خۆیاندا رێکبکەون ببن بە یەک فراکسیۆن. بەتایبەتیش بەهۆى ئەوەى ناکۆکى قوڵ و کێشەى جۆراوجۆر لەنێوان ئەم دوو حیزبەدا هەیە لە هەرێمى کوردستانیش.
هەرچەندە وەک دەگوترێت لە سیاسەتدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەڵام ئەگەر پارتى و یەکێتى بەسەر ناکۆکییەکانیاندا زاڵبن و ببنە یەک لیستى کوردستانییش، هێشتا 47٪ـی کورسییەکانن. کورسیی کۆتاى مەسیحییەکانیش لەگەڵ کورد دەبێت و پێکەوە دەبنەوە بە نیوە، بەڵام لە بەرانبەر ئەم نیوەیەى یەکێتى و پارتى و کلدانى، بلۆکى عەرەب و تورکمان هەن، کە ئەوان سەربارى ناکۆکییەکانیان، لەبەرئەوەى هەردوولایان سەر بە یەک جەمسەرن کە سوننەن، دەتوانن بەسەر کێشەکانیاندا زاڵ بن.
لەبەر بوونى چەند بڕگەیەکى تایبەت بە یاساى هەڵبژاردنى کەرکووک و ناچارکردنیان بە رەچاوکردنى بەشداریى هەموو پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنى پارێزگاکە، لەم حاڵەتەشدا کە دوو بلۆکى وەک یەکدی بچنە سەر مێزى گفتوگۆ، لایەنى بەرانبەر کە تورکمان و عەرەبن، سەرەڕاى بوونى چەندین هۆکارى قوڵ و ململانێى نێوان دوو جەمسەرەکەى سوننە و شیعە، ئامادەى سازش نین بۆ ئەو دەستەبژێرە سیاسییەى کەرکووک کە بەدیاریکراوى لەدواى شەڕى داعشەوە وێنایەکى پەسندنەکراویان لە شەقامى تورکمان و عەرەب بۆ دروستبووە. بۆیە بەدوورى نازانم بە سیستەمێکى رێکخراو کارکرابێت بۆ بەدەستهێنانى ئەم ئەنجامانەی یارمەتیدەر نین بۆ ئەوەى کەرکووک بتوانێت لەلایەن خەڵکەکەیەوە بەڕێوەببرێت. ترسى من ئەوەیە؛ ئەمە ئامانجە شاراوەکە بێت بۆ ئەوەى دۆخى کەرکووک بەو جۆرە بەردەوام بێت، کە بەردەوام تارمایى میلیشیاکانى حەشدى شەعبیی بەسەرەوە بمێنێتەوە.
لەمانەوەى دۆخێکى لەو جۆرەشدا، داهاتووى کەرکووک نەک ناڕوونە، بەڵکوو زۆر بە روونى لێمانەوە دیارە بەرەو چ چارەنووسێکى مەترسیدار دەڕوات. ئەمەش ئەنجامە کە کورد پێى گەیشتووە. چنینەوەى بەرى لەدەستدانى دەرفەت و کەمتەرخەمى و هەڵە و خراپەکاریى دوو دەیەى رابردووە. رابردوویەک پەرۆشى بۆ کەرکووک و هۆشى سیاسى بڕیاربەدەستەکانى لە ئێستا باڵاتر بوو، ئەمە چارەنووسەکەى بوو، پێویستە لەخۆمان بپرسین؛ ئەى دەبێت بەم حاڵەى ئێستاى کورد و ئەم عەقڵییەتانەى ئێستاى ئیدارەدانى کێشەکەى، کەرکووک بەرەو کوێ بچێت؟ تەمەن بمێنێت زۆر ناخایەنێت ئەنجامەکانى دەبینین.
خستنەڕووى ئەم راستی و مەترسییانەش بەو ئامانجەیە؛ بەشى ئەوە سوودى هەبێت، بڕیاربەدەستانى کورد و خەمخۆرانى کەرکووک بەدواى چارەسەردا بگەڕێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ