ساتی وەرچەرخان بە کاتی تاران؛ دۆخی ئێران لە سێبەری باسەکانی شەڕ دا

05-04-2025
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
ئێران و ئەمریکا لە نامە و نامەکارییەوە گەیشتوونەتە هەڕەشەی ئاشکرای شەڕ. رەنگە بتوانین بە ئاسانی بێژین کە لە راستی دا هەردوولا، لانیکەم جارێ شەڕیان ناوێ، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین کە ئەگەری شەڕیش لە هەرکاتێکی دیکە زیاترە، چونکە ئەم بابەتە تەنیا لە تاران یان واشنتن یەکلایی نابێتەوە. بەڵکو داهاتووی رکابەرییە جیۆپۆلەتیکییەکانی چین - ئەمریکا ، ئەورووپا - رووسیا، بێجگە لەوە سیاسەتی  ئیسرائیل  دژی ئێرانیش، لە ریزی ئەو هۆکارانەن کە دەشێ بۆ تێگەیشتن لە ئەگەری شەڕ یان دیالۆگ لەبەرچاو بگیرێن. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە چ شەڕ رووبدات یان بە پێچەوانەوە دیالۆگ بکرێت، گۆڕانێک لەبەر دەرگای ئێراندایە کە بە هێواشی دەستی پێکردووە.
 
نادڵنیاییەکانی ئێران و ئەمریکا 
 
ساڵی 2024 بۆ ئێران ساڵێکی سەخت بوو، ئەگەر ئێستاش هێرشێکی بکرێتە سەر، ئەم ساڵیشی هەروا بە سەختی و نالەبارییەکی زیاترەوە دەڕوات. رەنگە نیگەرانیی پلە یەکی ئێستای ئێران بە تەنیا هێرشێکی گریمانەیی ئەمریکا - ئیسرائیل بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی نەبێت، بەڵکو زیاتر ئەوەبێت کە بەهۆی هێرش و گەمارۆی کەمەرشکێنی ئابوورییەوە، جارێکی دیکە ناڕەزایی ناوخۆیی لەو وڵاتە سەرهەڵبداتەوە کە دەشێ چارەنووسە سیاسییەکەی یەکلایی بکاتەوە.
 
بۆ ئەمریکاش، پرسی ئێران بووەتە گرێکوێرەیەکی سیاسی و سەربازی کە ئەگەر چارەیەکی نەکات، لە ئاستێکی فراوانتری جیۆپۆلەتیکی دنیادا سەرئێشەی بۆ دروست دەکات. هاوکارییە سیاسی - سەربازییەکانی ئێران لەگەڵ رووسیا و چین ماتەوزەی ئەوەی تێدایە کە نەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکو لە شوێنەکانی دیکەی دنیاش تەگەرە بۆ ئەمریکا دروست بکات. ئەمە نەک تەنیا بۆ ئەمریکا بەڵکو بۆ ئەورووپاش پرسێکی گرنگە وەک نموونەی ئەو کاریگەرییەی کە درۆنی ئێرانی لە شەڕی ئۆکراینا داینا.
 
ژەنرال جۆن دانیەڵ کەین  کە ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا بەربژێری کردووە، گوتوویەتی لەگەڵ سەرۆک هاوڕایە کە نابێ ئێران چەکی ئەتۆم بەرهەم بێنێت، بەڵام لەوانەیە بە تەنیا چارەسەری سەربازی بۆ ئەوە بەس نەبێت. بێجگە لەوە، لەوانەیە ئەوەش راست بێت کە بەهۆی هەبوونی پرۆگرامێکی بەربڵاوی پیتاندنی یۆرانیۆم کە هەمووی لە یەک شوێن نییە و بەشێکیشان - وەک فۆردۆ و نەتەنز  کە بە قوڵایی جیاواز لە نێوان 7- 90 مەتر لە ژێر زەوی دان، هەروەها لەبەر بەکارهێنانی گازی هێگزافلۆراید لە جیاتی سووتەمەنی دیکە کە کاری پیتاندنەوە ئاسانتر دەکات، ئەستەمە تەنیا بە هێرشێک ئەو بەرنامەیە رابگیردرێت هەرچەند کە دەتوانێت دوای بخات.
 
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە لەوانەیە ئێران لە دوای هێرشێکی گریمانەیی، چەکی ئەتۆم دروست بکات وەک ئەوەی کە ئێستا بەشێک لە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئەو  وڵاتە ئاماژەی بۆ دەکەن. ئەوە راستە کە عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر فەتوای داوە کە چەکی ئەتۆمی دروست نەکرێت، بەڵام لە مەزهەبی شیعەدا فەتوا قابیلی گۆڕینە و دەشێ ئەوەش وەک خۆی نەمێنێتەوە. 
 
لەلایەکی دیکەوە لە کاتێکدا کە دنیا بە هێواشی بەرەو شەڕێک دەڕوات کە "کەسیش نایەوێ" پێگەی ئێران بۆ زلهێزەکانی دنیا بایەخی زۆری پەیداکردووە. درێژەکێشانی گەمارۆکانی سەر ئێران بە قازانجی ئابووری چینە کە 15٪ی نەوتی خۆی بە نرخێکی هەرزانترەوە لەوێ دابین دەکات. ئەمە بێجگە لەوەی کە پەیوەندی تووندوتۆڵی پەکین و تاران، باڵادەستی چین لە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی گواستنەوەی وزەی جیهان و زنجیرەکانی دابینکردن زیاتر دەکات. لە گرینلاندەوە تاوەکو گەرووی هورمز و بابەلمەندەب، رۆڵی دیار و نادیاری چین لە زنجیرەکانی دابینکردن، هەروەها رێڕەوە ئاوی و وشکانییەکانی جیهان، مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ هەژموونی ئەمریکا. بەهۆی پێگەی رێڕەوی و جیۆستراتیژی خۆیەوە، هەرەوها بە هۆکاری سەربازییەوە، بە دیاریکراوی لەبەر توانای دروستکردنی چەکی هەرزان و خستنەگەڕی گرووپە پرۆکسییەکان لە شوێنی جیاواز، بایەخی ئێران لە هەر شەڕێکی گریمانەییدا بۆ هێزە گەورەکانی دنیا زۆرە. لێرەدا سێکوچکەی چین- ئێران- رووسیا بۆ ئەمریکا هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە. بۆیە دەرکردنی ئێران لە بازنەی رووسیا - چین یان لانیکەم بێلایەنکردنی، بایەخێکی جیۆپۆلەتیکی و جیۆئیکۆنۆمی گەورەی بۆ واشنتن هەیە، ئینجا بەشەڕ بێت یان بە دانوستاندن!
 
بیرمان نەچێت کە لە هەردوو شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم دا، یەکێک لە هۆکارەکانی داگیرکرانی ئێران ئەو بایاخە جیۆستراتیژییە بوو کە بۆ زلهێزەکان هەیبوو. ئەمە بێجگە لەوەی کە بابەتی ئێران تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ گوتاری "ئاشتی بە زۆر"ی ئەمریکا. ترەمپ دوای ئەوەی کە هات گوتی شەڕی غەزە و ئوکراینا کۆتایی پێدێنم، بەڵام هیچیان تەواو نەبوون و  ئێستاش کە دوو مانگ مۆڵەتی داوە بە تاران، ئەگەر نەتوانێ -کە رەنگە مانگێکی رۆیشتبێ- پرسی ئێران بەلایەکدا بخات، ئەوسا گوتارەکەی بۆ ئاشتی بە زۆر، قسەی زۆر هەڵدەگرێت.
 
زۆر لە وڵاتانی جیهان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەگەری دەرکەوتنی شەڕی ئێران و ئەمریکا پیشانداوە و ئەوەش نیشانەیەکە بۆ ئەوەی دنیا بە زیاتر لە شەڕە قسەیەک تەماشای دەکات. عەلی خامنەیی رابەری ئێرانیش گوتوویەتی بڕواناکەم لە دەرەوە هێرش بکرێت، بەڵام ئەگەر بشکرێ بە تووندی وەڵامیان دەدەینەوە، ئەم قسەیە لەڕووی سەربازییەوە واتای ئەوەیە کە ئێران ئامادەکارییەکی بۆ ئەگەری شەڕ کردووە وەک چۆن ئەمریکاش بە ناردنی فڕۆکە و چەک بۆ بنکە سەربازییەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی پەیامی ئامادەیی دەدات. هاوشانی گوتەی بەرپرسانی ئێران، لایەنەکانی بەرەی موقاوەمەش لێدوانەکانیان لە دژی ئەمریکا زیاد کردووە و هەندێک لە بەرپرسانی عیراقیش باسی ئەوەیان کردووە کە هەر جۆرە شەڕێکی گریمانەیی ئەوانیش دەگرێتەوە و ناوچەکە دەسووتێنێ. لە راستی دا راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاش باس لەوە دەکەن کە ئێران هێشتا توانای ئەوەی هەیە کە بە چەکی ئاسایی و نائاسایی هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دروست بکات. تەرجەمەی ئەم قسەیەش ئەوەیە کە ئێران دەتوانێ بە درۆن و مووشەک و گرووپە پرۆکسییەکانی  گرفت بۆ ئەمریکا دروست بکات، هەرچەندە ئەستەمە دواجار شەڕەکە بباتەوە. 
 
سێبەری شەڕ و دۆخی نێوخۆیی ئێران
 
رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتوویەتی لەوانەیە هەوڵبدرێت کە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا "فیتنەیەکی"بۆ بنێنەوە کە لەوەشدا خەڵک بۆ خۆی وەڵامیان دەداتەوە. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەگەری دەرکەوتنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی نێوخۆیی کە دەتوانێت بۆ تاران چارەنووسساز بێت. لە خۆپیشاندانەکانی رابردوودا، ئێران لە ئاستی ناوچەییدا لە لووتکەدا بوو، هەروەها زۆر لە دەوڵەتانی دنیاش ئەوکاتانە نەیاندەویست دەستوەردانی تێدا بکەن. وادیارە بەرپرسانی ئێران هەر لە ئێستاوە لەم بابەتە نیگەرانن، چونکە بە ئەگەری زۆر لە دوای رووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ئیدی هەژموونی ئێرانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوێ زیادی کردووە.
 
 باسەکانی ئەگەری شەڕ هەوڵێکی ناخۆشە بۆ ئابووری ئێران کە نرخی دراوەکەی رۆژبەرۆژ زیاتر دادەبەزێت. وا مەزەندە دەکرێت کە لە 2024دا، رێژەی گەشەکردنی ئابووری ئێران لە 5٪ی ساڵی پێش خۆیەوە بۆ 3.7٪ دابەزیبێت. هەڵاوسان لە سەرووی 40٪ وەیە کە هێزی کڕینی خەڵکی کەم بووە و رێژەی بێکاریش هێشتا لە دەوری 8٪دایە. ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی ئێران زیاتربێت لە 90 ملیۆن، بە واتایەک 7 ملیۆن و 250 هەزار بێکاری هەیە. ئێستا یەکێک لە گەورەترین تەگەرەکانی ئێران زیادبوونی پێداویستی وزەیە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ کە 6٪ زیادی کردووە. وەک نموونە یەکێک لە بژاردەکانی حکومەت ئەوەیە کە بەنزین گران بکات، بەڵام پێدەچێ جارێ دەست رابگرێ چونکە، ئەوە دەتوانێ رێگە بۆ گرانییەکی زیاتر و ناڕەزایی نێوخۆیی خۆش بکات. وەک چۆن لەوانەیە بە هەمان هۆکار جێبەجێکردنی یاسای حیجابیشی راگرتبێت کە پارێزکارەکان داوای جێبەجێکردنی دەکەن.
 
بەردەوامی گەمارۆکانی ئەمریکا و گوشارەکانی بۆ کەمکردنەوەی فرۆشتنی نەوت بە کۆمپانیا چینییەکان، دەتوانێت قەیرانی ئابووری ئێران قووڵتر بکات، بەڵام ئەوە تاکە تەگەرەی حکومەت نییە و هاوشانی ئەوەش، گرژییەکی دیکە لە نێوان حکومەت و باڵی ئوڵترا موحافزەکاری سیستەمی سیاسی لە ئارادایە کە دەتوانێت گرفتی بۆ دروست بکات ئەگەر بەردەوام بێت. موحافزەکارە تووندڕۆکان کە زۆرینەی پەرلەمانیان لە دەستدایە، متمانەیان لە عەبدولناسر هیممەتی  وەزیری ئابووری و دارایی لە کابینەی پزشکیان وەرگرتەوەو، محەممەد جەواد زەریف جێگری پزیشکیانیش، بە قسەی خۆی بە راسپاردەی سەورۆکی دەسەڵاتی داد دەستی لە کارکێشایەوە. لە راستی دا دەست لە کارکێشانەوەی زەریف بۆ رەتکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا نەبوو وەک ئەوەی کە هەندێک شرۆڤەی بۆ دەکەن، چونکە کەسێکی وەک عەباس عێراقچی وەزیری دەرەویە کە پێشتر خۆی دانوستاندنی کردووە. بۆیە ئەم بابەتە زیاتر لە رکابەری نێوخۆیی دەسەڵاتی سیاسی دەچێت نەک پرسێکی وەک سیاسەتی دەرەوە. لەوانەیە لەبەر دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، جەمسەربەندییەکانی سیاسەتی نێوخۆیی، شەڕ بۆ بەرپرسانی ئێران خراپترین بژاردە بێت، چونکە دەتوانێت رێگە بۆ گۆڕانکاری سیاسی نێوخۆیی گەورەتر بکاتەوە وەک چۆن شەڕی یەکەمی کەنداو، رێگەی بۆ گۆڕانی هەنگاو بە هەنگاوی عێراق خۆشکرد.
 
چی لە پێشە؟
 
ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێران، بە ئەگەری زۆر ئێرانیش رێگەی هاوشێوە دەگرێتەبەر و لە تەنیشت بەکارهێنانی ئەو مووشەک و درۆنانەی کە بەم دواییانە نمایشی کردوون، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری خۆیشی وەک ئەوانەی عێراق هاندەدات کە جوڵە بکەن. لە دوای رووخانی ئەسەد و هێرشی فراوانی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان، گرووپە چەکدارەکانی عێراق جموجۆڵێکی ئەوتۆیان نەکرد و ئەمەش بەشێکی بەهۆی گوشاری سیاسییەکانی عێراق بوو، بەڵام بەشێکی دیکەشی لەبەر ئەوەبوو کە ئێران نەیدەویست ئەوە رووبدات. لەبەرئەوەی کە لە جەرگەی گەمارۆکانی ئەمریکادا، عێراق وەک دوایین دەرچەیەک بوو کە دەیتوانی فریای تاران بکەوێت، بەڵام ئێستا لەوانەیە کەمتر ئەو حیسابە بکات، چونکە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا گەیشتووەتە عێراقیش و ئیدی بەغدا، ناتوانێ گاز و کارەبای ئێران بکڕێ و تەنانەت هەندێک لە بەرپرسەکانیشی رەخنەیان لە ئێران گرتووە کە بە ناوی عێراقەوە نەوتی خۆی فرۆشتووە. بۆیە ئەگەر شەڕ رووبدات بە ئەگەرێکی زۆر، ئەم جارە گرووپەکانی پاڵپشتی تاران لە عێراق دەکەونە جووڵە، چونکە هێرشێکی  بەوشێوەیە دەتوانێت پرسی مان و نەمانی رژێمی سیاسی لە تارانیش بخاتە رۆژەڤەوە کە دەشێ هێڵێکی سووربێت بۆیان. 
 
هەڵبەت هاوشانی لێدوانی تووندی لایەنەکان، هەوڵی دانوستاندنیش لە ئارادایە، ئەگەر ناڕاستەوخۆش بێت، بەڵام ئەگەر دانوستاندنیش بکرێت، ئەوە سەرناگرێت ئەگەر گۆڕانێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دا روونەدات. چونکە پێدەچێ بۆ ئەمریکا بابەتی گرنگ تەنیا بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران نەبێت، بەڵکو لە ئاستێکی فراوانی جیۆپۆلتیکی دا، هەژموونی ناوچەیی ئێران و رۆڵەکەی لە سێکوچکەی چین- رووسیا و ئێران دا مژارە گەورەکە بێت. ئەمریکای ترەمپ رۆژهەڵاتێکی ‌نێوەڕاستی دەوێت کە لە ئەندازیارییە ئەمنییەکەیدا ئیسرائیل باڵادەست بێ، رۆڵی سیاسی سعودیە زیاتر بێ و تورکیاش وەک ئەکتەرێک لەبەردەم ئێران دا قیت بێتەوە. هەر لەبنەڕەتیشدا هۆکاری کشانەوەی ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی ٥+١یش تەنیا لەبەر پرسە ئەتۆمییەکان نەبوو. لەبەرئەوە، هەڵسانگاندنی ئەگەری شەڕ یان دیالۆگ بەپێی دۆخی بگۆڕی جیۆپۆلەتیکی دنیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستترە وەک لەوەی کە تەنیا بە مژاری بەرنامەی ئەتۆمییەوە سنووردار بکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شیروان شەمێرانی

بنەمای دروستبوونی حکومەتی سووریا و ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان

گەورەترین و بگرە سەخترین ئاڵنگاری و کۆسپ لە رێگەی وەزارەتی بەرگریی سووریا بۆ دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیی بەهێز، توانای پاراستنی وڵاتی هەبێت، ئیسرائیلە.